"سه‌رۆك بارزانی زۆر گه‌وره‌یه‌و لێ گەڕێن با سەرۆكی هەمووان بێ"

‌عەتا سەراوی ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی
ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی عەتا سەراوی دەڵێت: : سه‌رۆك بارزانی زۆر گه‌وره‌یه‌ و لێ گەڕێن با سەرۆكی هەمووان بێ.

 لەمیانەی بەشداریکردنی لە راپۆرتێکی ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر داوای سەرۆکی هەرێم بە گەڕانەوەی پەکەکەو تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی، عەتا سەراوی ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی دەڵیت: ئێمە پشتگیری لە پەیامەكەی سەرۆكی هەرێم دەكەین و ئەمە ئەركی (سەرۆك بارزانی)یە هەوڵ بدات پەكەكە و توركیا بگەڕێنێتەوە بۆ گفتوگۆی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی، هەر چاوەڕوانی هەڵوێستی لەم شێوەیەش لە (سەرۆك بارزانی) دەكرێت كە هەوڵی میانڕەوی بدات لەنێوان وڵاتانی توركیا و ئێران و سووریا و كوردانی ئۆپۆزسیۆنی ئەم وڵاتە داگیركەرانە".

(سەراوی) ده‌یشڵێت: "هەموو حزبە سیاسییەكانی هەرێم بە چاوێكی ڕێز و گەورەوە لە (سەرۆك بارزانی) دەڕوانن؛ داوایش دەكەم سەرۆكی هەرێم وەك هەمیشە دەستپێشخەری بكات و ڕاستەوخۆ كێشەی سەرۆكایەتیی هەرێمیش یەكلایی بكاتەوە و لەسەر ماددەی 19ـی ساڵی 2013 سەرۆكایەتیی هەرێمیش بگەینە دەرئەنجام بۆ ئەوەی سەرۆكی هەرێم لە دوو ساڵی داهاتوو بتوانیت ئەركی خۆی جێبەجێ بكات.

ئەو لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت" داوایش لە سەرجەم برادەرانی پارتی دەكەم واز لە سەرۆكی هەرێم بێنن، چونكە پیاوێكی زۆر گەورەیە و هاوڕێی پەنجا ساڵەی خەباتی (مام جەلال)ە و، جەنابی سەرۆك لە پارتی گەورەترە و لێ گەڕێن با سەرۆكی هەموو خەڵكی هەرێم بێت".



PM:09:49:27/07/2015