"بەیانی رۆژێکی یەکلاییکەرەوە دەبێت بۆ پرسی سەرۆکی هەرێم"

کۆبوونەوەی گۆڕان و یەکێتی کە وابڕیارە سبەی ٧/٢٨ لە بینایەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سازبکرێت و نەوشیروان مستەفا بەشداری تیا بکات، کۆبوونەوەیەکی یەکلاییکەرەوە دەبێت بۆ پرسی سەرۆکی هەرێم ( بارزانی ).

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند "ئێستا هەردوو لایەنی یەکێتی و گۆڕان بەتەواوی بەرچاویان روونە چی بکەن، بەتایبەتی دوای بەیانەکەی ئەمشەوی مەکتەبی سیاسی پارتی کە بەئاشکرا دەیانەوێت ماوەی بارزانی بۆ دووساڵی تر درێژبکرێتەوەو نەچێتە پەرلەمانیش".

سەبارەت بەو هەڵوێستەی ئەگەری هەیە بەیانی گۆڕان و یەکێتی پێی بگەن، سەرچاوەکەی سپی دەڵێت: ئەگەر گۆڕانکاری تا بەیانی کاتی کۆبوونەوەکە لە هەڵوێستی هیچ لایەنێک لەو دوولایەنە، بەتایبەتی جەمسەرەکانی ناو یەکێتیدا نەبێت، ئەوا بەیانی هەردوولا دوای کۆبوونەوەکە زۆر بە ڕاشکاوانە بە پارتی دەڵێن بارزانی دێتە پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی کەمدەکرێتەوە، ئەوا رێکدەکەوین، ئەگەر ناشیەت ئەوا ئێمە بیر لە بەدیلی یاسایی، یان کەسێکی کە هەڵدەبژێرین لە پەرلەمانی کوردستانەوەو بەو مەرجانەی مەکتەبی سیاسی پارتی رازی نابین.

سەبارەت بەو هەڵوێستەی ئەو دوولایەنە، سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی تر، ئیسلامی و ئەوانی تریشدا دەکەن کە ٦/٢٣ هاوڕابوون لەپەرلەمانی کوردستان و یەک ڕایان هەبوو لەسەر سیستەمی پەرلەمانی و یاسای سەرۆکایەتی هەرێم.

دەربارەی ئەو هەڵوێستانەی کە پارتی دەیگرێتە بەر، سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لە دوا وێستگەدا ئەگەر پارتی رازینەبوو رەنگە حکومەت هەڵوەشێنێتەوەو داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت بۆ سەرۆک و پەرلەمانی نوێ بکات.

رۆژی ٨/٢٠ ماوەی سەرۆکی هەرێم بارزانی دوای دە ساڵ حوکمڕانی کۆتایی دێت و لایەنە سیاسیەکان دەیانەوێت دووچاری بۆشایی یاسایی نەبنەوە، پارتی دەیەوێت لەدەرەوەی پەرلەمان تەوافق بکرێت، هەرچی لایەنە سەرەکیەکانی تر دەیانەوێت لەناو پەرلەماندا پرسەکە چارەسەر بکرێت و یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هەموار بکرێتەوە. 
 
 



AM:01:03:28/07/2015