هێمن هەورامی هێرشەکانی تورکیا مەحکوم ناکات

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی هێمن هەورامی لە لێدوانێکیدا نە هێرشەکانی تورکیای مەحکومکرد، نە پێشێلکردنی سەروەری هەرێم و عێراق، داواش دەکات پەکەکە دان بەخۆیدا بگرێت.

لە لەندنەوە هێمن هەورامی لێدوانێک بۆ کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی دەدات و جگە لە پشتگیری رێککەوتنی نێوان تورکیا و ئەمەریکا، دەڵێت: ئێمە بڕوامان بە پرۆسەی ئاشتییەو هەوڵمان بۆماوەیەکی زۆر بۆدا، لەبەرئەوەی دەزانین کە ئەوە خاڵێکی ستراتیژییە بۆ دەوڵەتی تورکیا، هیوادارین ئەم پرۆسە سەربازیە کاریگەری خراپی نەبێت لەسەر پرۆسەی ئاشتی و کرانەوە بەڕووی کورددا.

هەروەها هەورامی وتویەتی: هەڵوێستی ئێمە پاڵپشتی پرۆسەی ئاشتییە، هاوکات پاڵپشتی پرۆسە سەربازییەکانی دژی داعشیش دەکەین. ئەو شوێنانەی کە بوونەتە جێگای هێرشە سەربازییەکان شوێنی شاخاوی دوورن، داوا لە پەکەکەش دەکەین دان بەخۆیدا بگرێت و سەبری ستراتیژی نە دۆڕێنن بە تاکتیک.

دەشڵێت: هەڵوێستی سەرۆک بارزانی زۆر روونە ئێمە بەشێکین لە چارەسەر رەخنە لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا ناگرین، هاوکات پاڵپشتی لە هەڵوێستی پەکەکە ناکەین، بڕوامان وایە ئاشتی و گفتوگۆ شیوازێکی باشە بۆ تورکیا و بۆ کوردیش و چارەسەرکردنی کێشەی کورد تورکیا لە ناوچەکدا بەهێزترین دەکات.



AM:12:42:29/07/2015