په‌رله‌مان ده‌رفه‌تێکی تر ده‌دات به‌ پارتی

سەرۆکی پەرلەمان د. یوسف محەمەد سادق ، لەمیانی کۆبوونەوەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، کە ئەمڕۆ ٤ شەممە ٢٩-٧-٢٠١٥ بۆ نووسینی ڕاپۆرتی پڕۆژە یاساکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، وتی "ماوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی نزیکبووەتەوە، دەبێت پەرلەمان و لیژنەی یاسایی هەنگاوە یاساییەکان بگرنەبەر. هەر پڕۆژەیەک لە پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆکرابێت، دەبێت لیژنەی یاسایی لەماوەی دە ڕۆژدا ڕاپۆرتی خۆی بنووسێت، بەڵام ماوەی مانگێکە لیژنەی یاسایی کۆنەبووەتەوە، بۆیە ناکرێت کارەکانی گرنگترین لیژنەی پەرلەمان بەهۆی هیچ لایەن و هیچ کەسێک پەکی بخرێت."

لەبەشێکی تری وتەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمان وتی "باوەڕمان بە پەراوێز خستنی هیچ فراکسیۆنێک نییە، بۆیە پێشنیار دەکەم کۆبوونەوەکان بەردەوام بێت لەسەر نووسینی ڕاپۆرتی لیژنەی یاسایی، بەڵام دەرفەتێکی تریش بدرێتە فراکسیۆنەکانی تر بۆ ئەوەی هەمو لایەنەکان پێکەوە ڕۆڵیان هەبێت لە پڕۆژەی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم."

فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان، لە کۆبوونەوەکەدا وتی "هیوادارین هیچ فراکسیۆنێک خۆی گۆشەگیر نەکات، هەوڵ بدەین کێشەکان لەرێگەی یاساییەوە لە پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە، بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەم قۆناغە تێپەڕێنین.ئاماژەی بەوەشدا ماوەی نۆ مانگە لە هەوڵی گەیشتنی لایەنەکانە بە ڕێککەوتن لەسەر بابەتەکانی پەیوەندار بە پڕۆژەی دەستوور و پرسی سەرۆکایەتی هەرێم.



PM:12:00:29/07/2015