" ئەو نەوتەی هەرێم دەیدات بە سۆمۆ نەوتی کەرکوکە"

ئەو بڕە نەوتەی لە دوێنێوە هەرێمی کوردستان لە بەندەری جیهان دەدیدات بە کۆمپانیای سۆمۆی عێراق نەوتی کەرکوکە نەک نەوتی هەرێم.

سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێم بە سپی راگەیاند " لەمانگی رابردووەوە کۆمپانیای سۆمۆ لە بەندەری جیهان ئامادەنەبوو نەوتی کەرکوک لە هەرێم وەربگرێت و هەرێم لە گەنجینەکانی خۆیدا کۆیدەکردنەوە، دوای هاتنی وەزیری نەوتی عێراق عادل عەبدولمەهدی بۆ هەرێمی کوردستان و بینینی بەرپرسان، بەغدا بڕیاری دا ئەو نەوتە وەربگرێت، ئەو ٥٧٩ هەزار بەرمیلەی دوێنێ ٧/٢٩ رادەستی سۆمۆ کرا نەوتی کەرکوکە".

ئەو بەرپرسە باڵایە ئاشکرایکرد ئەو بڕەی کە لەم چەند رۆژەدا هەرێم لە نەوتی کەرکوک رادەستی سۆمۆی دەکات تا کۆتایی ئەم مانگە بەنزیکی دەگاتە ٤ ملیۆن بەرمیل.
 
سەبارەت بە ئایندەی پەیوەندی بەغداو هەولێر لەسەر پرسی نەوت، ئەو بەرپرسە باڵایە وتی: هەرێم ناگەڕێتەوە بۆ رێککەوتنی ٢٠١٤/١٢/٣ کە دوای بوو بە مادەیەکی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٥ی عێراق.

سەبارەت بە بەدیلی هەرێم، ئەو بەرپرسە باڵایە ئەوەی ئاشکرا کرد کە هەرێم رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانیدا هەیە کە مانگانە ٨٥٠ ملیۆن دۆلار بدات بە هەرێم، ئەگەر بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمێش زیاتر بوو پارەکەش زیاتر دەبێت.

ئەو بەرپرسە باڵایە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هەرێم بڕیاری داوە خۆی نەوت بفرۆشرێت، لەو بڕە پارەیەش دەستی دەکەوێت خەرجی سیادی و حاکمە چەند دەکەوێتە سەرشانی بیدات بە بەغدا.
هەروەها هەرێم پێشنیاری ئەوە دەکات کە نەتەوەیەکگرتووەکان لەنێوان بەغدا و هەرێم ئەگەر کرا دەوری وردبینی ببینن لەسەر ئەو نەوتەی هەرێم دەیفرۆشێت.   



AM:11:55:30/07/2015