"گرانبوونی نرخی کارتی مۆبایل هەرێمیش دەگرێتەوە"

حکومەتی بەغدا نرخی کارتی مۆبایلی زیاد کرد، وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێم دەڵێت: ئاسیا و کۆڕەک و زەین سێ کۆمپانیای عێراقین و لەوێ زیادبن، لەهەرێمیش زیاد دەبن.

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان له‌ڕوونکردنەوەیەکدا هاتووە بە گرنگی دەزانین بۆ جەماوەری ھەرێمی کوردستان و ھەموو بەکارھێنەرانی خزمەتگوزاری مۆبایل رونیبکەینەوە، ھەر سێ کۆمپانیای گەیاندنی (کۆڕەک تیلیکۆم–ئاسیا سیڵ–زەین) سێ کۆمپانیای سەرانسەری عێراقن و لە ھەموو شارەکانی عێراقدا بە ھەرێمی کوردستانیشەوە تۆڕی گەیاندنیان ھەیەو کاردەکەن، مۆڵەتی کارکردنیان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی عێراق و دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقی CMC یەوەیە و بڕیارو رێنماییەکانی ئەو دەستەیە جێبەجێ دەکەن و ئەوان بەرپرسن لە رێکخستنی کارە ئیداری و ھونەری و دارایەکانیان و پێوەندییان بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێمی کوردستانەوه‌ نییە.

ئەو روونکردنەوەیەی وەزارەتی ناوبراو ئاماژە بۆ ئەوە دەکات "بەگوێرەی مادەی ٣٣ له‌یاسای بودجەی ٢٠١٥ی عێراقی فیدڕاڵ باج خراوەتە سەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت بە رێژەی ٢٠% و ئێستایش چووه‌تە واری جێبەجی کردنەوە،  بەگوێره‌ی ئەو ماددەیە کارتی مۆبایل گران بووە و لە ھەرێمیش بڕیارەکە جێبەجێ كراوه"‌.

لەروونکردنەوەکەدا هاتووە: بڕیاری گرانکردنی نرخی کارتی پڕکردنەوەی باڵانسی مۆبایل (پریپەید) بڕیاری ئێمە نیەو لە بەغداوە دەرچووە و ئەم بڕیارە ھەر سێ کۆمپانیا لە شارەکانی عێراقی فیدڕاڵ جێبەجێی دەکەن بەھەمان شێوەش لە ھەرێمی کوردستان جێبه‌جێ دەکرێت.



PM:10:57:31/07/2015