بەهۆی گرانبونی كارتی مۆبایل هاوڵاتیان دووشەممە مۆبایلەكانیان دادەخەن

سەرۆكی لیژنەی شارەوانی‌و گواستنەوە‌و گەیاندن لە پەرلەمانی كوردستان داوا لەسەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات لێپرسینەوە لە وەزیری گواستنەوە‌و گەیاندن باكات بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی كارتی مۆبایل.

ئەندازیار عومر عینایەت حەمەسەعید، لە یاداشتێكدا بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كە وێنەیەكی بۆ سپی ناردوە دەنوسێت: ئەمڕۆ نرخی كارتی مۆبایل(كۆڕەك، ئاسیا) لە بازاڕەكانی كوردستان بە ڕێژەی 20% زیادی كرد كارتی 10 دۆلاری بووە 12 دینار، من وەك سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن، چەند رۆژە لە پەیوەندیدام لەگەڵ بەڕێز وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی كوردستان، یەك وەڵامم دەسكەوت ئەویش ئەوەیە كە كۆمپانیاكانی مۆبایل گرێبەستیان لەگەڵ حكومەتی ناوەند هەیە و باجەكە بە ڕێژەی 20% لای حكومەتی عێڕاقی زیادكراوە بێگوێدانە رای حكومەتی هەرێم و لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پارلەمانی كوردستان، بەداخەوە حكومەتی هەرێم هیچ پەرچەكردارێكی نەبووە لەسەر ئەم بڕیارە، گریمان باج گرنگە و داهاتی ووڵاتی پێ زیاد ئەبێت(امنا) بەڵام بۆ ئەبێ لەبری ئەو كۆمپانیایانە كە رۆژانە دەیان ملیۆن دۆلار قازانج ئەكەن خەڵكی هەژاری كوردستان باجەكەی بدەن و كۆمپانیاكان نەچنە ژێرباری، ئەمە ستەمێكی گەورەیە لە خەڵكی عێڕاق و بە تایبەت كوردستان ئەكرێت.

هەروەها دەنوسێت: نابێت پارلەمانی كوردستان لەم ستەمە بێدەنگ بێت، بێدەنگبونی حكومەت لە م قەیرانە كە چووە سەر خەرمانی قەیرانەكانی تری كوردستان هۆكارەكەی ئەوەیە كە هەردوو كۆمپانیای ئاسیا و كۆڕەك پشكی كەسانی دەسڕۆیشتوی ناو هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار یان كەسانی نزیك لەم دوو حیزبەی تێدایە و خۆیان لێكردوە بە كەڕەی شەربەت و بە خەیاڵیشیاندا نایەت، داوا لە سەرۆكایەتی پارلەمان دەكەم كە لە نزیكترین كاتدا سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بانگهێشتی ناو پارلەمان بكەن بۆ گفتوگۆكردن لەم بارەیەوە، داواش لە خەڵكی كوردستان ئەكەم بەكارهێنانی مۆبایل بۆ كەمترین ئاست كەمبكەنەوە و لەكاتی زۆر پێویستدا نەبێت مۆبایل بەكار مەهێنن و زیاتر سود لە ڤایبەر وەربگرن.

عومەر عینایەت هەروەها لەیاداشتەكەدا دەنوسێت:  بۆ ئەوەی لەم رێگایەوە سزای ئەو كۆمپانیایانە بدەن كە چاویان لە كۆكردنەوەی قازانج پڕ نابێت، داوا لە گشت بەكارهێنەرانی مۆبایل دەكەم وەك سزایەكی قورستر بۆ هەردوو كۆمپانیای ئاسیا و كۆڕەك لە رۆژی دوو شەمەوە و لە كاژێر 10 ی بەیانیەوە تا 12ی نیوەڕۆ بۆ ماوەی ئەو 2 كاژێڕە ئامێری مۆبایلەكانیان داخەن ومنیش وەك نوێنەری خەڵك چەندم پێبكرێت لەسەر ئەم ستەمە كە لە خەڵك ئەكرێت بێدەنگ نابم و لە نزیكترین كاتدا واژۆی ژمارەی یاسایی پارلەمانتاران بۆ بانگهێشتی سەرۆكی حكومەت و وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئەكەم بۆ پارلەمان لەسەر ئەم قەیرانە نوێیە.



PM:05:31:01/08/2015