"ئەمڕۆ بۆ یەکگرتوو رۆژێکی گرنگە"

لەسەر داوای یەکگرتووی ئیسلامی ئیمزاکردنی راپۆتی هەموراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کەوتە ئەمڕۆ، وابڕیارە پاش کەمێکی تر ئیمزا بکرێت، "هەمووان چاویان لە ئیمزاکەی یەکگرتووە".

 دوێنێ لیژنەی یاسایی پەرلەمان لەو چوار پڕۆژەیەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کە لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ کرابوو، راپۆرتێک ئامادەکرا، لەسەر داوای یەکگرتووی ئیسلامی ئیمزا کردنی ئەو راپۆرتە دوا خرا بۆ ئەمڕۆ، وا بڕیارە پاش کەمێکی تر لەپەرلەمانی کوردستان ئیمزای لەسەر بکرێت، بەپێی زانیارییەکانی سپی دوا کەوتنی ئیمزاکردنەکە لەسەر داوای یەکگرتوو بووە، بۆیە هەمووان چاویان لە ئیمزای سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو ئەبوبەکر هەڵەدنیە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەرلەمانەوە بە سپی راگەیاند : هەفتەی رابردوو لەسەر داوای یەکگرتوو چوار رۆژی تر درا بە حیزبەکان بۆ گەیشتن بە سازدان، دوێنێش بەهەمان شێوە رۆژێکی تریان پێدرا، ئەگەر ئەمڕۆ یەکگرتوو ئیمزای ئەو راپۆرتە نەکات، ئەوا شکست بەهەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دەهێنرێت.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد "ئەگەر یەکگرتوو ئیمزای نەکات واتە شکستی بەکۆبوونەوەی ٦/٢٣ هێنا کە خوێندنەوەی یەکەم بەبێ پارتی بۆ چوار پڕۆژەی لایەنەکان کە یەکێکیان پرۆژەی یەکگرتوو کۆمەلێ ئیسلامی بوو کرا".

بەپێی بۆچوونی سەرچاوەکەی سپی، ئەگەر یەکگرتوو ئیمزای نەکات، پارسەنگی هێز بەلای پارتیدا دەشكێتەوەو چیتر پرۆژەی چوار لایەنەکە بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێم لەرێی پەرلەمانەوە شکست دەهێنێت.  



AM:09:11:04/08/2015