سکرتێری پەرلەمان: قسەکانی سەرۆکی حکومەت زمانێکی تەواو حیزبیە

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان فەخرەدین قادر وەڵامی نێچیرڤان بارزانی دەداتەوەو دەڵێت: پەرلەمان نوێنەری راستەقینەی خەڵکی کوردستانەو قسەکانی سەرۆکی حکومەت زمانێکی تەواو حیزبیە نەك زمانی حكومڕانی.
 
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان فەخرەدین قادر لە لێدوانێکیدا بۆ سپی ڕایگەیاند: پەرلەمان باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان و و نوێنەری راستەقینەی خەڵکی کوردستانە، پێویستە ببێتە مەرجەعی یاسایی خەڵکی کوردستان و کۆتایی بە کۆبوونەوەی ژوورەکانی حیزب بهێنرێت کە بیست ساڵە هیچی لێ سەوزنەبووە.

ناوبراو وتیشی " سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانی كابینەی هەشتەم هەموویان لە پەرلەمانی كوردستانەوە متمانەیان وەرگرتووە، ناكرێت بەو شێوەیە لێدوان لە لایەن حكومەتەوە بەرامبەر پەرلەمان بدرێت".

وابڕیارە سبەی کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ لیژنەی یاسایی پەرلەمان واژوو لەسەر ئەو راپۆرتە بکات کە لیژنەی یاسایی لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم ئامادەی کردووەو تا ئێستا سێجار لەسەر داوای یەکگرتوو دواکەوتووە.

ئەمڕۆ لەدوای زیاتر لە 2 كاتژمێر كۆبونەوەی نێوان پارتی و یەکگرتوو، نێچیرڤان بارزانی وتی: پرسەكان دەبێت لەنێوان حزبە سیاسیەكان چارەسەربكرت نەك لە پەرلەمان .

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو لێدانەیشیدا وتی: ئەوەی لەپەرلەمان كرا ئێمە قبوڵمان نیەو مۆڵەتی یەك رۆژ نیە بۆ حزبەكان، ئێمە پێمان وایە كێشەكان دەبێت بە سازان و لێكتێگەیشتن چارەسەربكرێت و ئەساسی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانمان لەسەر ئەساسی سازان داناوە نەك لەسەر یەكترشكاندن و ئێسك شكاندن و خۆسەپاندنی هەیبەت .

هەروەها وتیشی: دەبێت لەناوخۆمانداو هێزە سیاسیەكان رێكبكەوین و ئەم پرسە پرسێك نیە لە پەرلەمان لەسەری رێك بكەوین بەڵكو پێویستە هێزە سیاسیەكانی كوردستان كۆبونەوە بكەن و بگەنە رێككەوتن .





PM:09:14:05/08/2015