خۆپیشاندانی گەورە لەبەغدا بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ کاتژمێر شەشی ئێوارە لە مەیدانی تەحریر لە پێناو چاککردنی خزمەتگوزاریدا خۆپیشاندانی گەورە بەڕێوەدەچێت، فراکسیۆنی مەدەنییەکان ئەندامێتی خۆیان هەڵپەسارد.

بەلێشاو هاوڵاتی دەڕژێنە مەیدانی تەحریر لەبەغدا بۆ سادانی خۆپیشاندانێکی تر لەو زنجیرە خۆپیشاندانانەی چەند هەفتەیەکە شارەکانی ناوەراست و باشوری عێراقی گرتۆتەوەو وا بڕیارە کاتژمێر شەش دەستپێبکات، هاوکات فراکسیۆنی مەدەنیوون کە خەڵکانی مەدەنی و پێشکەوتووخوازی عێراقن و پێنج کورسیان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، ئەندامێتی خۆیان هەڵپەسارد تا داوا کارییەکانی خۆپیشاندەران ئەنجام دەدرێت.

لە پەرەسەندێکی تردا سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا هەموو ئەو وەزیرانە بانگهێشتی پەرلەمان بکات کە هاوڵاتیانی خۆپیشاندەران داوای لێپرسینەوەی دەکەن کە نەیانتوانیووە خزمەتگوزاری باش پێشکەشی هاوڵاتیانی عێراق بکەن.
هاوشانی ئەم جموجوڵیە جەماوەریە هێزە ئەمنییەکان رێوشوێنی ئەمنی توندیان گرتۆتە بەر بۆ بەرگرتن لەکاری تێکدەرانە.

وەزیری ناوخۆ محەمەد غەبان رۆژی پێنج شەممە رایگەیاند : ئەمنیەتی خۆپیشاندەران دەپارێزن و پێویستە ئاسانکاری بکرێت بۆ جموجوڵەکانیان. 
 ئەمڕۆ چەندین شار خۆپیشاندانی گەورەی بەخۆیەوە دی هەمووشیان داوای چاککردنی خزمەتگوزاری و لێپرسینەوە لە وەزیر و ئەو بەرپرسانە دەکەن کە لەگەندەڵیەوە ئاڵاون.  



PM:06:01:07/08/2015