"دواکەوتنی راپۆرتی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لەپەرلەمان لەسەر داوای گۆڕان بووە"

رۆژی پێنج شەممە ٨/٦ کە لەپەرلەمان شەش ئەندامی لیژنەی یاسایی ئیمزایان لەسەر راپۆرتی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کرد، دواخستنی رادەستکردنی بەسەرۆکایەتی پەرلەمان لەسەر داوای گۆڕان بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند: رۆژی پێنج شەممە کە هەر شەش ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی بەبێ ئەندامەکانی پارتی و هاوپەیمانەکانی راپۆرتی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمیان واژوو کرد، بەڵام رادەستکردنی راپۆرتەکەیان خستە یەک شەممە ٨/٩، ئەمەش لەسەر داوای گۆڕان بووە.

ئەو سەرچاوەیە هۆکەی ئەو دواخستنەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە ئەو سێ رۆژەش بدرێت بەهەوڵێکی دیبلۆماسی تر تا لایەنە سیاسییەکان بگەنە سازدان.

بەپێی زانیارییەکانی سپی رۆژی پێنج شەممە ٨/٦ تەنها سەرۆکی پەرلەمان د. یوسف محەمەد لەبینایەی پەرلەمان بووە، نە جێگرەکەی جەعفەر ئێمنکی و نە سکرتێری پەرلەمان فەخرەدین قادر هیچیان لە پەرلەمان نەبوون و ئەمەش هۆکارێکی تر بووە کە رادەستکردنی راپۆرتەکە بە سەرۆکایەتی پەرلەمان دوا کەوتووە بۆ رۆژی یەکشەممە ٨/٩.

هاوکات هەر رۆژی ٨/٦ مەکتەبی سیاسی یەکێتی بڕیاریدا بۆ مەسەلەی سازان لەسەر پرسی سەرۆکایەتی، جارێکی تر سەردانی لایەنەکان بکات و سەرلەنوێ گفتوگۆ دەستپێبکاتەوە.

وا بڕیارە سبەی ٨/٩ سەرۆکایەتی پەرلەمان راپۆرتەکە لەلیژنەی یاسایی وەربگرێت و بەسەر هەر ١١١ ئەندامەکەی پەرلەماندا کۆپی بکات و وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسی سەرۆکایەتی دیاری بکات.    



PM:04:44:08/08/2015