شیوعی لەگەڵ سازانە.. وردەكاریی كۆبوونەوەی پارتی‌و شیوعی

جێگری سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەداین بە سازان پرسی سەرۆکی هەرێمی كوردستان چارەسەر بکرێت.

ئەمرۆ هەردوو شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و حیزبی شیوعی كوردستان لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم لەهەولێر كۆبوونەوە‌و پاش كۆبوونەوەكەش مەحمود محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایگەیاند "هەرچەندە لەگەڵ ئەوەداین سەرۆک لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێتەوە، بەڵام ئامادەین گفتوگۆ بکەین لەسەر دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرجەم دەسەڵاتەکانی تر."

وتیشی:" بەپێی یاسا دیاریکراوە کە کەی بۆشایی لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دروستدەبێ، بەو پێیە سەرۆکی هەرێم بە هەموو دەسەڵاتەکانییەوە لە پۆستەکەی بەردەوام دەبێ تا ئەو کاتەی ئەو پرسە چارەسەر دەکرێ، کەواتە سەرۆکی پەرلەمان نابێتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان".

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا کاوە محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی رایگەیاند:" حیزبی شیوعی لە کۆتایی مانگی 6 پرۆژەیەکی پێشکەشکرد بۆ نمونە ئەوەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پارتی لەم دواییانەدا داوای دەکەن و ئەویش راپرسییە ئێمە ئەو کات ئەو داوایەمان کردووە".

وتیشی: ئێمە لەگەڵ ئەوەداین بە سازان پرسی سەرۆکی هەرێم چارەسەر بکرێت.



PM:02:46:11/08/2015