مام ڕۆسته‌م: مێزی گفتوگۆ زۆر باشترە لە لێكترازانی لایەنەكان

مام رۆستەم  هەڵسووڕاوی  پێشوی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان پێیوایە بۆ چاره‌كردنی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم مێزی گفتوگۆ زۆر باشترە لە لێكترازانی لایەنەكان بە تایبەتیش لەم كاتەدا كە شەڕی داعشمان هەیە.

مام ڕۆستەم بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی وت: "بۆ چارەكردنی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم مێزی گفتوگۆ زۆر باشترە لە لێكترازانی لایەنەكان بە تایبەتیش لەم كاتەدا كە كۆمەڵێك قەیران بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە و شەڕی داعشمان هەیە، بۆیە دەبێت چارەیه‌كی هێمنانە بۆ ئەم پرسە بكرێت, لەئێستایشدا كاتی ئەم هەراو هۆریایە نیە كە ئێستا لە كوردستان  لەباره‌ی پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە دروستیان كردووه‌."

ئەم هەڵسووڕاوەی‌ پێشووی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان ڕوونیشی كردەوە كە "ئەگەر حزبەكان ڕێك بكەون و بە پاكنووسێك بچنە پەرلەمانەوە ئەمە شتێكی زۆر باشە، چونكە پەرلەمان نوێنەری هەموو خەڵكە و نابێ تەواو فەرامۆش بكرێت و، دەشكرێ بە تەواوی حزبەكان ڕێك بكەون ئینجا بچنه‌وە بۆ پەرلەمان. بە بڕوای من پێویستە سەركردەی یەكەمی حزبەكان لەگەڵ چەند كەسێكی شارەزای یاسا كۆ ببنەوە و، چارەیه‌كی گشتگیر و هەمەلایەن دابنێن كە زۆر باشترە لەم شەڕە پرۆژە و قسە و، پێویستە سەرۆكی هەرێم ڕاستەوخۆ تەدەخولێكی بێلایەن بكاتە ناو كێشەكە و چارەی بكات."

ئاماژەیشی دا: "هەنگاونان بەرەو سەربەخۆییی هەرێمی كوردستان بەم هەموو قەیرانەوە نابێت و، سەربەخۆیی ئەو كاتە دەبێت كە كێشەمان نەمابێت؛ خۆ ئێستا  ئێمە لە ناوماڵی خۆمان ڕێك نەكەوتووینە، دەبێ پێش هەموو شتێك ناوماڵی كورد ڕێك بخەینەوە."



PM:10:23:11/08/2015