هێزەکانی تورکیا دوو منداڵ‌و هاوڵاتییەک دەکوژن

لە ناوچەی ئاگری باکوری کوردستان هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دوو میرمنداڵ و هاوڵاتییەکی سیڤلیان کوشت.

میدیاکانی نزیک پارتی کرێکارانی کوردستان، پەکەکە بڵاویان کردەوە  دوێنێ شەو لەدوای هێرشێکی فەرماندەیی جەندرمە لەشارۆچکەی (دیدادین)ی سەر بەشاری ئاگری باکوری کوردستان، هێرشیان کردووەتە سەر خەڵکی مەدەنی کوردو لە گەڕەکی ئەتاتورک دوو منداڵ بەناوەکانی (ئۆرهان ئەسلان تەمەن ١٦ ساڵان و ئەمرە ئایدەمیر تەمەن ١٥ ساڵان) کە شاگردی فڕنی نان بوون، لەئاکامی دەستڕێژی گولەی تیمە تایبەتیەکاندا لەناو دووکانەکەیاندا شەهیدبوون. 

لەو شارۆچکەیە و لەگەڕەکی موراد تەرمی کەسێک بە کوژراوی دۆزراوەتەوە و شایەتحاڵانی ڕووداوەکەش دەڵێن، تەرمی کەسە کوژراوەکە بەدوای ئۆتۆمبیلی تایبەتی هێزە ئەمنییەکاندا ڕاکێشراوە و هێنراوەتە گەڕەکەکە فڕێیان داوە. 

ئێستا بارودۆخی شارەکە بەرەو بارگژی گەورە دەڕوات.

ئەمانە لە کاتێکدایە کە دوێنێ شارەکانی سلۆپی و شرناخ و چەند شارێکی تر خۆبەڕێوەبەرێتی دیموکراتی لەلایەن خەڵکەوە راگەیەنراو  کۆما جڤاکی کوردستانیش پشتیگری خۆی بۆ دووپات کردنەوە. 



AM:11:06:13/08/2015