" هێشتا پلانی شەڕمان دەستپێنەکردووە"

بەرپرسی هێزەکانی گەریلای پەکەکە موراد قەرەیڵان دەڵێت"٢٥٠ کەس لە هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کوژراوە، بەڵام ٢٤ کوژراو ئاشکرا دەکەن"، هەروەها دەشڵێت: تا ئێستا ئێمە پلانی شەڕمان دەستپێنەکردووە.

موراد  قەرەیلان بەبۆنەی 31ەمین ساڵیادی دەستکردن بە خەباتی چەکداری بۆ ستێرک تیڤی کەناڵی نزیک پەکەکە دەدوێت و دەڵێت " ئێمە رووبەڕووی هێرش دەبینەوە و لایەنی بەرامبەر دەڵێ ئێوە دەتوێنمەوە، ئێمەش خۆمان دەپارێزین. شەڕەکانی ئێمە بەپلان و بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو بەڕێوەدەچێت. دەبێ ئەوەش بڵێم، تائێستا پلانی شەڕمان دەستپێنەکردووە. تەنیا چالاکی وەڵامدانەوە بەڕێوەدەبەین. بێگومان باسی ئەوشتانەی کە ئێمە دەمانەوێت بیکەین لێرە باسی ناکەم، بەڵام ئەتوانم ئەوە بڵێم، حسابی ئەو هێرشانەی کە کردیانە سەر ئێمە بە قورسی وەردەگرنەوە. دەمەوێ بەهەموو ئەو ناوەند و لایەنانەی داوای ئاگربەست لە ئێمە دەکەن بڵێم: ئەوەی کە شەڕی دەستپیکردووە ئێمە نین، ئەردۆغان بۆخۆی ئەوەی ئاشکرا کرد و وتی تا دوا کەسیان لەناو نەبەین ئێمە ناوەستین. ئێمە بۆ چارەسەری خۆراگری دەکەین. ئەگەر پرۆسەیەکی جدی و سەمیمی و بە دانوستان دەستپێبکات، ئێمە بۆ ئەو ئامادەین. 

قەرەیڵان لەسەر دەستپێکردنی هێرشەکانی تورک و ژمارەی کوژراوەکان دەڵێت: بە یەک وشە دەتوانم بڵێم؛ هێرشەکان بێ ئەنجامن. دەڵێن لە شەوێکدا لە 400 بنکەمان داوە. تائێستا ئێمە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا 11 شەهید و لە باکوری کوردستانیش 11 شەهیدمان داوە. زۆربەی ئەو هەڤاڵانەی ئێمە کە شەهید بوون فیدایی بوون. لە گوندی زارگەلی 8 هاوڵاتی سڤیلی ئێمە شەهید بوون. بەگشتی 30 شەهیدمان هەیە و بەو رێژەیەش بریندارمان هەیە، بەڵام دەوڵەتی تورک لە چەواشەکارییەکانی خۆیدا بەوشێوەیە دەڵێت. ئێمە حەز لە کوشتن ناکەین، بەڵام بەپێی ئەو بەڵگانەی لەبەر دەستی ئێمەدان لە شەڕی ئەو 19 رۆژانەدا زیاتر لە 250 کوژراوی ئەوان هەیە، بەڵام تەنیا 24 کوژراوی خۆیان ئاشکرا دەکەن. 

سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خەڵکی مەدەنی. قەرەیڵان:  گەریلا بەچالاکی وەڵامدانەوە ئێوە دەپاریزێت، بەڵام ئێوەش خۆتان بپارێزن. 10 هەزار کەس دەتوانێ خۆی بپارێزێت. گەریلا لەناوشاردا نییە، لە چیاکانە، تەنیا بۆ کۆمەڵێک چالاکی وەڵامدانەوە گروپێک گەریلای پسپۆڕ چووبوونە ناو شار. 6 کەسی هێزی تایبەت کوژران. لە دەرەوەی ئەوە گەریلا لەناوشاردا نییە. با گەل رێگە نەدات پۆلیس بکەوێتە ناو کوچە و کۆڵانەکانەوە. لەبەر ئەوەی پۆلیس دێت لەوێ کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدا و منداڵەکان دەکوژێت.



PM:05:52:14/08/2015