" ئەگەر نەگەیشتنە سازان هەڵبژاردنی پێشوەخت رێگای دروستی دیموكراسییە"

به‌بۆنه‌ی یادی 69 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان-ه‌وه‌، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، بروسكه‌یه‌كی پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی ئه‌و حزبه‌ كرد.

ئه‌مه‌ش ده‌قی بروسكه‌كه‌یه‌:

 جه‌نابی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان
به‌رێزان:
ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی

سڵاوێكی گه‌رم

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، خۆشحاڵه‌ به‌بۆنه‌ی (69) هه‌مین یادی دامه‌زراندنی پارتی تێكۆشه‌ره‌وه‌، گه‌رمترین پیرۆزبایی خۆی و سه‌رجه‌م هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی-تان پێشكه‌ش بكات. ئومێده‌واریشه‌، تێپه‌ڕینی ئه‌م یاده‌، له‌م بارودۆخه‌دا، كه‌ ناوچه‌كه‌و عیراق و كوردستان، به‌تایبه‌تی شه‌ڕی داسه‌پاوی داعش به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌و گه‌له‌كه‌مان، تێده‌په‌ڕێ، یادێكی هانده‌ری پێكه‌وه‌ خه‌باتی هاوبه‌شمان بێ بۆ به‌زاندنی داعشه‌كان و، راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌ هاوبه‌شه‌كان، له‌عیراق و ناوچه‌كه‌و له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراو، یان چاوه‌ڕواننه‌كراودا.

له‌كاتێكدا یه‌كێتی پیرۆزبایی لێكردنتان به‌ ئه‌ركی رێزگرتن له‌ مێژووی پارتی و قوربانیه‌كانی له‌سه‌ر كوردایه‌تی و ده‌ستكه‌وته‌ هاوبه‌شه‌ به‌دیهاتوه‌كان له‌ شۆڕش و دوای راپه‌ڕین ده‌زانێ، له‌هه‌مانكاتدا، داواكاره‌، سازان به‌ چه‌مكه‌ راسته‌قینه‌كه‌یو جومگه‌ مێژووییه‌كه‌ی، سه‌یر بكرێ و بكرێته‌ بنه‌مای نزیكبونه‌وه‌ی سیاسی هه‌موو لایه‌كمان، بۆ سه‌رخستنی ده‌ستورێكی گه‌ل په‌سه‌ندی رێڕه‌وه‌ سروشتی و یاساییه‌كانی په‌رله‌مان؛ بێگومان سازانی راسته‌قینه‌ به‌دیبێنین، حیكمه‌تی سیاسی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌چه‌سپێنین، خوانه‌خواسته‌، له‌رووی سیاسیه‌وه‌ نه‌سازێین، هانابردن بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت و دوابڕیاری رای گشتی، رێگای دروستی دیموكراسییه‌.

جارێكی دیكه‌، یادی (69) ساڵه‌ی پارتی هاوپه‌یمان، پیرۆزبێ.

بۆ پێشه‌وه‌ به‌ره‌و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ئه‌زمونی دیموكراسی و خه‌باتی ده‌ستوریمان.

- رۆحی شه‌هیدان شاد بێ.
- هه‌ر سه‌ركه‌وتو بن پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان.

مه‌كته‌بی سیاسی
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
2015-8-15



PM:06:16:15/08/2015