وەزارەتی دارایی ئەو لایەنە ئاشكرا دەكات بووەتە هۆكاری دواخستنی موچە

وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێم ھۆکاری دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانی ئاشکراکردو ڕایگەیاند، ئۆباڵی دواکەوتنی موچە لەئەستۆی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانە، نەک وەزارەتی دارایی.

ئەحمەد عەبدولرەحمان، وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێم لەلێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕایگەیاند، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پارەی داھاتی بۆ وەزارەتی دارایی نەناردووە.

وتەبێژەکەی وەزارەتای دارایی ئەوەشی ئاشکراکرد، تائێستا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پارەی داھاتی نەوتی نەخستۆتە سەر حساب بانکی وەزارەتی دارایی، "بۆیە پارەنییە دابەشکردنی موچە دەستپێبکەینەوە".
بەگوێرەی بڕیارێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم و ھاوکات سەرۆکی ئەنجومەنی ھەرێمی نەوت و گاز، دەبێت تەواوی پارەی داھاتی نەوت بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی.

لەو ڕووەشەوە ئەحمەد عەبدولڕەحمان دەڵێت:"پارەکە نەھاتووە، بۆیە ئەگەر پارە  ھەبێت ھیچ کاتێک موچەی فەرمانبەران دواناکەوێت و وەک وەزارەتی دارایی دەستدەکەینەوە بەدابەشکردنی".



PM:01:43:16/08/2015