لەکۆتاییدا پارتی پرۆژەی دەبێت

ئەندامی سەرکردایەتی پارتی هێمن هەورامی رایگەیاند "پارتی لەگەڵ پێنج حیزبەکە کۆدەبێتەوە لەوێ پرۆژەی خۆی پێشکەش دەکات‌".

هێمن هەورامی لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی ٣٠ قونسڵخانەی هەرێم رایگەیاند: لە چەند رۆژی داهاتوودا كۆبوونەوەی باڵای سەرۆكی پێنج حزبەكە بەڕێوە دەچێت و پارتی لەوێش پڕۆژەی خۆی دەبێت و ئامادەیە بۆ پێداچوونەوە و رێكخستنەوەی هەموو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی حكوومەتیش.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە هێمن هەورامی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاندووە: ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە روانگە و ئاراستەی بڕیاری پارتی بۆ پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و ئاماژەی بەوەدا كەوا سیاسەتی پارتی لەگەڵ چارەسەری پرسی سەرۆكایەتی هەرێم دایە بە تەوافوق لەگەڵ پارتەكانی دیكە".

سەبارەت بە میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی تێڕوانینی پارتی ئاشکرا دەکات و وتی "روانگەی پارتی روونە كە پێی وایە دەبێت گەلی كوردستان بڕیار بدات نە پارتی و نە هیچ حزبێكی دیكە بۆچوونی خۆیان نەسەپێنن كە چۆن بێت دەبێت لە رێگەی یاسایەك داوای ریفراندۆم بكرێت كە خەڵكی كوردستان بڕیار بدات سەرۆكی خۆی لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت یان بە راستەوخۆ".
ئەو بەرپرسەی پارتی رایدەگەیەنێت كەوا تەواوی لایەنەكان بەشداریان لە حكوومەتی هەرێمدا هەیە و ئامادەیی خۆشیانی دەربڕی بۆ گفتوگۆكردن لەسەر هەموو مەلەفەكانی ئیداری و حكوومی".
هەر لەبارەی مانەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پۆستەكەیدا  لە بەرواری 20ی ئاب، سەرۆكی شاندی پارتی رایگەیاند: "بارزانی بەردەوام دەبێت لەپۆستەكەی خۆی بەبێ ئەوەی هیچ بۆشاییەک درووست بێت و گفتوگۆكانیش بەردەوام دەبن تا دەگەینە دەرئەنجامێك".



AM:08:41:18/08/2015