وەزارەتی دارایی لەسەر مووچە: بچن لەوەزارەتی سامانە سروشتیەکان بپرسن

وەزارەتی دارایی وەڵامی دوو پەرلەمانتاری پارتی دەداتەوەو دەڵێت" لەسەر دواکەوتنی مووچە بڕۆن لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بپرسن".
 
لەرونكردنەوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووریدا کە بۆ سپی نێردراوە دەڵێن" لە چەند دەزگایەكی راگەیاندن هەردوو پەرلەمانتاری لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی كوردستان ( د. شیرین حوسنی و دڵشاد شەعبان) لێدوانیان داوە كە وەزارەتی دارایی هۆكاری دابەشنەكردنی مووچەی مانگی شەشە".

وەزارەتی دارایی دەڵێن: ئێمە وەك وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەوە روون دەكەینەوە كە تاوەكو بەرواری ئەم رونكردنەوەیە هیچ بڕە پارەیەكی فرۆشتنی نەوت لە ماوەی مانگی رابردوودا نەهاتۆتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ناوخۆی كوردستان و لە وڵاتی توركیا".

وەزارەتی ناوبراو دەڵێن" رای دەگەینین كە پێویستە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان  هۆكاری نەناردنی ئەو بڕە پارەیە  بۆ سەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابووری رونبكاتەوە، دەبوایە ئەو پەرلەمانتارانە  پرسیاریان لە وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كردبا، كە ئاخۆ بۆچی پارەی فرۆشتنی نەوت ناخاتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی كە مووچەی مانگی شەشی پێشمەرگە و مووچە خۆرانی كوردستانە".

راگەیاندنی وەزارەتی دارایی داوا لە سەرجەم پەرلەمانتارانی كوردستان دەكەن بەداواداچوونی ورد لەسەر چارەنوسی داهاتی فرۆشتنی نەوتی مانگی رابردوو بکەن و دەڵێت" وەك وەزارەتی دارایی و  ئابووری دەرگامان كراوەیە بۆ بەدواداچوون لەسەر قوتی خەڵكی كوردستان و لێپرسینەوە لە لایەنی كەمتەرخەم".
  



PM:01:18:18/08/2015