فوئاد مەعسوم چاوی بە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كەوت

ئه‌مڕۆ فوئاد مه‌عسوم  سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ شاری هه‌ولێر پێشوازیكرد له‌ برێت ماك گۆرك یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ كاروباری عیراق و سوریا و جێگری نێردراوی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش و وه‌فدێكی هاوڕێی.

له‌و دیداره‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عیراق و ویلایه‌ته‌ یه‌كرتوه‌كانی ئه‌مریكا و دوایین پێشهات و گۆڕانكاریی ئه‌منی و سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان و عیراق به‌گشتی گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا.

سه‌رۆك مه‌عسوم ئاماژه‌یكرد بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی گه‌شبینی له‌ ئارادایه‌ سه‌باره‌ت به‌ لێك نزیكبوونه‌وه‌ی روانین و بۆچونی نێوان لایه‌نه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان و هه‌موو قه‌یرانه‌كان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ده‌چن كه‌ پشت ده‌به‌سترێت به‌ پره‌نسیبی دیالۆگ له‌سه‌ر بناغه‌كانی دیموكراسیی.

له‌ به‌شێكی تری دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك كۆمار پێویستی پته‌وكردن و په‌ره‌پێدانی چوارچێوه‌ی هاریكاریی بنیاتنه‌ر و په‌یوه‌ندیی دوقۆڵی عیراق و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكای دوپاتكرده‌وه‌ له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا به‌و جۆره‌ی كه‌ به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای گه‌لی هه‌ردو وڵات زامن بكات .

لای خۆشییه‌وه‌ بریت ماك گۆرك پابه‌ندبوونی وڵاته‌كه‌ی نوێكرده‌وه‌ به‌پشتیوانیكردنی عیراقییه‌كان به‌ تایبه‌ت له‌ جه‌نگه‌كه‌یاندا دژی تیرۆر، خۆشحاڵیشی نیشاندا له‌ئاست ئه‌و هه‌ڵكردن و هارمۆنیكه‌ سیاسییه‌ی كه‌ له‌نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا له‌ ئارادایه‌، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كی پۆزه‌تیڤی ده‌سپێكی قۆناغێكی نوێیه‌ له‌ مێژووی عیراقدا له‌پێناوی به‌هێزكردنی یه‌كڕیزیی نیشتمانی ناوخۆیی و به‌رفراوانكردنی پشتیوانیی نێوده‌وڵه‌تیی بۆ عیراق به‌ تایبه‌تیی له‌م قۆناغه‌ ناسكه‌دا.



PM:04:15:19/08/2015