سامانە سروشتیەکان: ئەوانەی نەوت دەدزن پەیوەندییان بە خراپەکارییەکەی تەموزەوە هەیە

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاشکرای دەکات کە تا ئێستا ناو بەناو بۆری نەوتی هەرێم بۆ تورکیا دەشکێنرێت‌و لێی دەدزرێت و ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن پەیوەندیان بە بەو کەسانەوە هەیە کە خراپەکارییەکانی تەموزیان ئەنجام دا.( واتە گەریلاکانی پەکەکە ).

لە پەیامێکدا وەک وەڵامێک بۆ ئەو پەرلەمانتار و میدیایانەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان تۆمەتبار دەکەن لە دواکەوتنی مووچە، وەزارەتی ناوبراو دەڵێت: دزینی بەردەوام و هەوڵدان بۆ دزینی نەوتی خاو لە هێڵی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەنێوان عێراق و تورکیا لە باکووری کوردستان، بەردەوامیی هەیە.

هەرەوەها لە پەیامەکەدا هاتووە: لە پاش تەقینەوەی بۆڕییە نەوتەکەی ناو تورکیا لە کۆتایی مانگی تەمووزی 2015، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەو کەسانەوە کە ئەو کارەیان کردووە دڵنیا کراوەتەوە کە جارێکی دیکە ڕووداوی وا بە هیچ شێوەک ڕوو ناداتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک باندی ڕێکخراو هێشتاش بۆڕییە نەوتییەکانیان کردووەتە ئامانج و نەوت دەدزن.
  
دەقی پەیامەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان:

دزینی بەردەوام و هەوڵدان بۆ دزینی نەوتی خاو لە هێڵی گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەنێوان عێراق و تورکیا لە باکووری کوردستان، بەردەوامیی هەیە. ئەمەش لەم کاتەدا، کە ساتێکی زۆر هەستیارە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، بووەتە هۆی تێکدانی خۆشگوزەرانیی خەڵکی هەرێمی کوردستان.
لە پاش تەقینەوەی بۆڕییە نەوتەکەی ناو تورکیا لە کۆتایی مانگی تەمووزی 2015، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەو کەسانەوە کە ئەو کارەیان کردووە دڵنیا کراوەتەوە کە جارێکی دیکە ڕووداوی وا بە هیچ شێوەک ڕوو ناداتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک باندی ڕێکخراو هێشتاش بۆڕییە نەوتییەکانیان کردووەتە ئامانج و نەوت دەدزن. ئێمە لەوە دڵنیابووینەتەوە کە ئەو باندانە پەیوەندییان لەگەڵ ئەو کەسانەدا هەیە کە لە خراپەکارییەکانی مانگی تەمووزەوە گلاون.
لە ڕۆژی ١ی حوزەیران تاوەکو ١٧ی ئابی 2015، هەناردەکردنی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستانەوە بە شێوەیەکی بەردەوام ڕاوەستاوە، ئەویش بەهۆی ئەو زیانانەی کە بەر بۆڕییەکان کەوتووە. هەروەها بە هۆی بەردەوامیی دزینی نەوتیشەوە.
وا خەمڵێندراوە کە کۆی گشتیی پارەی زیانەکانی ئەو هێرشەی کراوەتە سەر بۆڕییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان 251ملیۆن دۆلارە. ئەمەش لەپاڵ ئەو 250 ملیۆن دۆلار زیانە داراییەی کە بەهۆی تەقینەوەی بۆڕییە نەوتەکانەوە لە کۆتایی مانگی تەمووزەوە پێمان گەیشتووە، کە بە شێوەیەکی گشتی لە ١ی تەمووزەوە تاوەکو ١٧ی ئابی 2015 دەکاتە 501ملیۆن دۆلار .
حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە، بەهۆی کورتهێنانی بوودجە لەلایەن بەغدا و شەڕی دژ بە داعش و میونداریکردنی زیاتر لە ملیۆنێک‌و800هەزار ئاوارە، هەروەها بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ زیاتر لە 50% لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ەوە.
داهاتی هەناردەکردنی نەوتی خاو لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە تەنیا سەرچاوەی داهات و ڕزگارکەری هەرێمی کوردستان بووە. بەبێ داهاتێکی لەو شێوەیە مووچەی پێشمەرگە، هێزەکانی ئاسایش و کارمەندانی دیکەی حکومەت نەدەتواندرا بدرێت.
ئەو هێرشانەی کرانە سەر بۆڕییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە شەش هەفتەی ڕابردوودا لە باکووری کوردستان زۆر بەتووندی کاریگەریی کردە سەر توانای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی بودجەی مانگی حوزەیران. هەر بۆیە جارێکی دیکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لەو خراپکارانە و لەوانەش کە کۆنتڕۆڵیان دەکەن و لەوانەش کە قازانج لە چالاکییەکانی ئەو باندانە وەردەگرن دەکات کە بەزووترین کات دزینی نەوت لەو بۆڕییانەوە بوەستێنن، کە نەوتی خاوی هەرێمی کوردستانیان پێدا دەڕوات. هەروەها داوا لە حکوومەتی تورکیا و ئۆپەرەیتەری بۆڕییەکانی بووتاش دەکەین کە زیاتر هەوڵەکانیان بەرەوپێش ببەن بۆ پاراستی ئاسایشی ئەو بۆڕییە نەوتییانە لە هێرشی هاوشێوە.
ئەگەر ئەمە بە زانایی بکرێت یان بە نەزانی، دزینی ئەو نەوتە لەلایەن ئەو باندانەوە تەنیا بۆ زیانگەیاندنە بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و کاردەکاتە سەر تواناکانی ئێمە لە شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش.
لەکۆتاییدا داوا لە میدیاکاران و سیاسەتمەدارانی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە بە باشی ئاگاداری ڕاستیەکانن، واز بێنن لە چەواشەکاری و سەرکۆنەکردنی وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان بۆ ڕووداوێک کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەو وەزارەتەدا نییە. ئەو دەنگە نابەرپرسانەیە بوەستێنن، با خۆیان لە بەرژەوەندیی خەڵکی ئەم وڵاتە ببیننەوە و بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان کاربکەن و بە دەنگی بەرز ئیدانەی ئەو کردەوە خراپکارییانە و ئەو دزییانە بکەن کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ زیان بە خۆشگوزەرانییەکانی خەڵکی ئەم هەرێمە دەگەیێنن.



AM:08:30:20/08/2015