عەلی حەمەساڵح: د. ئاشتی، زۆر تەلەفون دەكات، وەڵامی هیچیانم نەداوەتەوە

عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی دۆکۆمێنتەکانی لە یەکەم وتاریدا دەڵێت: د. ئاشتی، زۆر تەلەفون دەكات، وەڵامی.

لەیەکەم روونکردنەوەیدا پەرلەمانتار، عەلی حەمە ساڵح دەڵێت: ئەو گروپە مافیاگەرانەی كە خەریكی تاڵانكارین لە بواری نەوتداو و ناوی خۆیان ناوە كۆمپانیاو د. ئاشتی هەورامی ئاسانكارییەكان بۆ دەكات، عەرزی گەورەی گەندەڵی و تەنانەت هەڕەشەو گوشاریشیان هەبووە بۆ ئەوەی چاوپۆشی لەو دزی و تاڵانكارییە بكەین كە ئەوان دەیكەن، بەڵام ئێمە نەترساوین و نە بەپارەش گیراوین.
 
ناكۆكی نێوان من و ئاشتی هەورامی
رونكردنەوەی یەكەم

ناكۆكی نێوان من و د.ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتییەكان، ئەوەیە: قبوڵم نییە هەزاران ملیۆن دۆلاری خەڵكی هەرێمی كوردستان بۆ چەند كۆمپانیایەكی حیزبی ببرێت، لەماوەیەكی كەمدا چەند كەسێكی حیزبی و سێبەری حیزب و تەنانەت كەسی نێو خانەوادەكەی ئاشتی هەوارمی لەسەر بنەمای گەندەڵی و قۆرخ كاری و بەرتیل و دزینی نەوت‌و گرێبەستی خراپ بوون بە خاوەنی  سەدان ملیۆنان دۆلار.
لەماوەی دوو ساڵی پەرلەمانتاریمدا چەندین جار لەگەڵ ئەم وەزیرەدا دانیشتووم، بەحزوری سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆك و وەزیرەكان، دوایەمین جار لەگەڵ وەزیری دارایی و پیشەسازی و وەزە، وەك نێونەرایەتی گۆڕان دانیشتین و سەرنج و رەخنەكانمان خستەڕوو، بەڵام وەك هەمیشە چەندین بەڵێنیداو هیچیانی بەجێنەگەیاند.
لەماوەی رابردوود، ئەو گروپە مافیاگەرانەی كە خەریكی تاڵانكارین لە بواری نەوتداو و ناوی خۆیان ناوە كۆمپانیاو د. ئاشتی هەورامی ئاسانكارییەكان بۆ دەكات، عەرزی گەورەی گەندەڵی و تەنانەت هەڕەشەو گوشاریشیان هەبووە بۆ ئەوەی چاوپۆشی لەو دزی و تاڵانكارییە بكەین كە ئەوان دەیكەن، بەڵام ئێمە نەترساوین و نە بەپارەش گیراوین. ئێستا خودی وەزیر خۆی هاتووە بوختان دەكات بە ئومێدی راگرتنی ئێمە و چاوپۆشیكردن لە تاڵانكاری.
ماوەیەكە د. ئاشتی، زۆر تەلەفون دەكات، من وەڵامی هیچ پەیوەندییەكیم نەداوەتەوە لەبەر ئەوەی متمانەم پێی نەماوەو پێموایە زیانی گەورە بە ئایندەی ئەم وڵاتە دەگەیەنێت.
دوێنی برادەرێك، گوتی ئاشتی هەورامی، دەڵێت: شتم لایە لەسەر عەلی بڵاوی دەكەمەوە، وتم: بێ‌ منەت بێت‌و ئێمە هیچمان نییە لێی بترسین .
د. ئاشتی، " گەندەڵی" یەكانی منی بڵاوكردەوە!!.
 دەڵێت: گوایە من فشارم كردووە لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكیدا رێكبكەوێت بۆ مامەڵەیەكی 10 ملیار دۆلاری. راستی بابەتەكە بەم شێوەیە.
چەند كەسێك هاتنە لای من و وتیان ئێمە گروپی كۆمپانیامان هەیە لە ئەمریكاو ئەڵمانیاو بریتانیا، پێشتر ویستوومانە بۆ ئەم پرۆژە بگەینە سەرۆكی حكومەت، بەڵام بە هەركێمان وتووە داوای رەشوەی زۆریان لێكردووین و دواتر ناونییشانی تۆیان پێداوین، گوتیان: دەتوانین 10 ملیار دۆلار پێشوەخت بدەین بە حكومەتی هەرێم وەك قەرزو دواتر نەوتی لێوەربگرێت، منیش وتم وردەكاری پرۆژەكانتان بنێرن، وردەكارییان نارد، من بزوتنەوەی گۆڕان و سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وەزەو سامانە سروشتییەكان‌و وەزیری دارایی و چەندین پەرلەمانتارم لێ‌ ئاگاداركردەوە، دواتر بە وردەكارییەوە ناردم بۆ سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی حكومەتیش فایلەكەی رادەستی د.ئاشتی هەورامی كرد، گروپەكەش هاتنە كوردستان و لەگەڵ ئاشتی هەورامیدا دانیشتن  لە هەولێرو دواتریش لە لەندەن، بەڵام رێكنەكەوتن، نازانم بۆ؟؟ نە پێشتر و نە دواتریش ئەم گروپەم نەناسییەوە، هەر ئەمەش جیاوازی من و د.ئاشتی هەورامییە!!
یەك ئامانجم هەبووە لەم كارە، ئەویش چارەسەركردنی ئەو قەیرانە گەورەی دارایە كە د.ئاشتی دروستیكردووە، بەهۆی گەندەڵی و قۆرخكاری و زانیاری نادروست و بەڵێنی ناڕاست.
تەنانەت ئێستاش گروپێكی گەورەی بانكی و چەند كۆمپانیایەكی ئەمریكی پرۆژەیەكی مامەڵەكردنیان بە بڕی 20 ملیار دۆلار بۆمن هێناوەو، كە ئامادەن بڕە پارەیەك كەتاوەكو 20 ملیار دۆلارە بدەن بە هەرێمی كوردستان و دواتر نەوت لە حكومەتی هەرێم وەربگرن، چونكە ئەمانە دەچنە لای هەركەسێك داوای رەشوەیان لێدەكەن بۆیە دێنە لای ئێمە،  بەڵام من تاوەكو ئێستا ئەمەم ناردووە بۆ سەرۆكی حكومەت، چونكە دەترسم بیداتە د.ئاشتی هەورامی!!
دەڵێت: گوایە من فشار دەكەم بۆ پاڵاوگەیەك لە دوكان، ئەم قسە هەمووی ناڕاستە، چونكە هیچ پەیوەندیم پێوە نییەو جارێك لە رێگای پەرلەمانتارێكی یەكێتییەوە هاتوونەتە پەرلەمان و وتوویانە ئێمە دەتوانین كێشەی سوتەمەنی پارێزگای سلێمانی چارەسەر بكەین، دەتوانین بە 10 بۆ 11 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوت بۆ حكومەت بپاڵێوین لەكاتێكدا د. ئاشتی، بۆ پاڵاوتنی هەر بەرمیلێك 17 دۆلار دەداتە دوو كۆمپانیای دیكە.
جارێكی دیكەش لە كۆبونەوەماندا كە 20 كەس لە ئەندامانی پەرلەمان و ستافی وەزارەتی لێبووە پەرلەمانتارێكی دیكەی گۆڕان، وتوویەتی بە د.ئاشتی: تۆ نایەڵیت گرفتی بەنزین چارەسەر بكرێت و گرفت بۆ ئەو پڵاوگەی دووكان دروستدەیت، من نە لە دورو نە لە نزیك باسی ئەم پاڵاوگەم نەكردووەو ئەم پاڵاوگەش لەچەند بەرپرسێكی یەكێتییەوە نزیكە، رەنگە هەر ئەمەش هۆكارەكەی بێت كە د.ئاشتی گرفتی بۆ دروستدەكات!!.
د. ئاشتی، ئەگەر دۆستی ژینگەیە بۆ وێستگەكانی كارەبا لە گازوایلەوە ناگۆڕێت بۆ غازی سروشتی، بۆ باجی ژینگەی كۆمپانیا نەوتییەكان ناخاتە خزمەت ژینگە!!

هەموو كەس دەزانێت ژمارەكانی من هەڵەیە یان د. ئاشتی  كاممان هەڵەیە!!! 10 پەرلەمانتار شاهیدن وتت: لە 2015/6/15 ەوە هەموو مانگێك 850 ملیۆن دۆلار دەهێنمەوە كوردستان، بەڵام ئێستا یەك ملیار دۆلاری ئەم پارە دیارنییە!! كە موچەی فەرمانبەرانی كوردستانە!!
هەڵەی ژمارەی د.ئاشتی بوو كوردستانی گەیاند بەم رۆژە!!

لەم زنجیرە رونكردنەوەو نووسینەدا، دەیان بەڵگەنامە لەسەر خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتی، د.ئاشتی، بڵاودەكەمەوە، لە دیارنەبوونی دەیان ملیۆن دۆلاری پرۆژەكان، رێگری كردن لە چارەسەركردنی كێشەی كارەبا بە غازی سروشتی و زیانگەیاندنی 15 ملیار دۆلار(موچەی دوو ساڵی فەرمانبەرانە) ، قۆرخكاری گەورە بۆ چەند كۆمپانیا، كە بەشێكیان هی نزیكترین كەسی خانەوادەكەیەتی(سەرۆكی حكومەت خۆی وردەكاری ئەمە دەزانێت و لە د.ئاشتی لەسەر ئەمە تورەو نیگەران بووە)، قەرزاركردنی حكومەتی هەرێم بە 20 ملیار دۆلارو دروستكردنی قەیرانی دارایی و دەیان گرفتی دیكە.
بەدڵنیایەوە من لەپەرلەمان دوای وەرگرتنی متامانە لەم وەزیرە دەكەم، هیوادارم، سەرۆكی حكومەت و بەرپرسانی پارتی خۆیان لێكۆڵینەوەو ئیجرائات لەگەڵ ئەم وەزیرەدا بكەن، چونكە دواجار هەموو ئەم كەم و كورتی و گەندەڵیانە ئەوان لێی بەرپرسن.
 



PM:11:04:20/08/2015