سامانە سروشتییەكان داهاتی دوو مانگی نەوتی ئاشكراكرد

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی داهاتی دوو مانگی نەوتی لە 24 ی حوزەیرانەوە تاوەكو 24 ی ئاب ئاشكراكرد. جەختیشدەكاتەوە كە ئەو داهاتەی بەدەستهاتووە، زیاترە لەوەی لەگەڵ بازرگانان و كۆمپانیاكان لەسەری رێككەوتبوون.

لە راگەیەندراوێكدا كە لەبارەی داهاتی نەوت لە دوو مانگی رابردوودا بڵاوكراوەتەوە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان باس لەوە دەكات كە لەو كاتەی (نووری مالیكی) سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق لە سەرەتای ساڵی 2014 ەوە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی بڕی و هەرێمی كوردستان رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەوە، هەوڵیانداوە بەمەبەستی چارەسەركردنی قەیرانەكە، كۆمەڵێك رێگە بۆ هەناردەكردنی نەوت بگرنەبەر.

هەوڵەكانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان بەتایبەت دوای ئەو كاتە دەستیانپێكردووە، كە پارتە سیاسییەكانی باشووری كوردستان كۆتایی ساڵی رابردوو چانسێكی دیكەیان دایەوە حكوومەتی نوێی عێراق، بەڵام لەو بودجەیەی وەزارەت پێشبینی كردبوو، تەنیا یەك لەسەر سێی لە بەغداوە رەوانەی هەولێر كرا، ئەمەش دووبارە كاریگەری نەرێنی لەسەر بژێوی ژیانی هاونیشتمانیان و كەرتی ئابووری كوردستان دروستكرد، بۆیە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان پڕۆژەیەكی بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی لە فرۆشتنی نەوت ئامادەكرد و پاشان لایەنه‌ سیاسییەكان لەسەری رێككەوتن.

گەڵاڵەنامەكەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ئاماژەی بە فرۆشتنی 500 هەزار بەرمیل نەوت كردبوو لە هەر مانگێدا، كە وەك لە راگەیێندراوەكەدا خراوەتەڕوو، داهاتەكەی دەكاتە نزیكەی 850 ملیۆن دۆلار، بەمەرجێك هەر بەرمیلێك بە 55 دۆلار بفرۆشرێت، "بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەنجامدانی هێرش بۆسەر بۆڕییە نەوتەكان و دزینی نەوت كە بووەتەوە هۆی لەدەستدانی 501 ملیۆن دۆلار"، بەڵام سەرەڕای ئەوەش داهاتەکە هەر زیاترە لەوەی کە پێشبینی دەکرا و لەسەری رێککەوتبوون. ئێستا نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەكان 46 دۆلارە.

بەپێی راگەیێندراوەكەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان كە رۆژی 20 ی ئابی 2015 بڵاوكراوەتەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی یەك ملیار و 241 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری لە 24 ی حوزەیران بۆ 20 ی ئاب بەدەستگەیشتووە و پارەكەش خراوەتە سەر ئەكاونتی تایبەتی حكوومەت لە بانكی نێودەوڵەتیی كوردستان، بڕیارە ئەمڕۆ هەینیش بڕی 187 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری دیكەو،  پێشبینیش دەكرێت 125 ملیۆن دۆلاری دیكە پێش 24 ی ئاب بخرێتە سەر هەمان حیساب،  کە کۆی گشتی پارەكە دەکاتە یەك ملیار و 554 ملیۆن دۆلار، ئەم بڕەش زیاترە لەوەی وەزارەت لەگەڵ بازرگان و كۆمپانیاكان لەسەری رێككەوتبوون.

دواكەوتنی مووچە گرفتی سەرەكی خەڵكی كوردستانە، بەجۆرێك تاوەكو ئێستا مووچەی مانگی شەش دابەش نەكراوە، پێشتریش وەزارەتی دارایی هۆكارەكەی بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان گەڕاندبووەوە بەوەی پارەی نەوتیان رادەست ناكات. لە بەرامبەریشدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان ئاماژەی بەم قەیرانە كردووە و روونیكردووەتەوە، كە (رێباز حەملان) وەزیری دارایی مامەڵەی تەواو لەگەڵ ئەو بانكانە دەكات كە داهاتی نەوتیان بۆ دەچێت و راستەوخۆ وەزیری دارایی بەرپرسیارە لێی.

جەختیشیكردووەتەوە كە بەهۆی دەستوەردانی سیاسی راستەوخۆی هەندێک خەڵک لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا، وەزیری دارایی نەیتوانیوە هەموو داهاتی نەوت بهێنێتە کوردستان، بۆئەوەی هۆكارەكەی بخەنە سەر وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و سەرزەنشت بكرێت. باسی ئەوەشی كردووە كە پارەكە بە دۆلار دەگات و بۆ دابەشكردنی مووچەش پێویستە بۆ دینار بگۆڕدرێت، بۆ یارمەتیدانی وەزارەتی داراییش لەو پرۆسەیەدا ئامادەیی دەربڕیوە.

لە كۆتایی راگەیێندراوەكەدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان داوا لە وەزیری دارایی دەکات بۆ ئەوەی کاراتربێت و بتوانێت بەباشی کارەکانی ئەنجامبدات، رێگە بە هیچ پارت و لایەنێكی سیاسی نەدات دەست لە كاروباری وەزارەتەكەی وەربدەن، داواش لە لایەنە ساسییەكان دەكات نووكی رمەكانیان لەسەر وەزارەتەكەیان لابدەن، بەجۆرێك هەمووان هاوكاربن بۆ سەقامگیركردنی باری ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان.



PM:02:56:21/08/2015