ئەبوبەکر هەڵەدنی ئاشتی هەورامی بە مۆتەکە ناوزەد دەکات

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو ئەبوبەکر هەڵەدنی ئاشتی هەورامی بە مۆتەکە ناوزەد دەکات و دەڵێت: کەمیی کارەبا پەیوەندیی بەو مۆتەکەیەوە هەیە، کە ناوی ئاشتی هەوارمییە، چونکە نەیتوانیوە غاز و سوتەمەنی دابین بکات".

ئەبوبەکر هەڵەدنی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لەچاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی NRT ڕایگەیاند، لە ١٩ی ئابدا سەدان چەکداری نامۆ هاتبوونە ناو هۆڵی پەرلەمان و کۆبوونەکەش خزمەتی بە پارتی کردووە، چونکە کۆبوونەوەکە دووفاقی بوو.

ئەبوبەکر هەڵەدنی وتیشی "ئەوانەی پێداگرییان لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان کرد خزمەتیان بە پارتی کرد، چونکە پارتی دەیوت نیساب تەواو نابێت و نیسابیش تەواو نەبوو. ئەوەش قسەکانی پارتیی هینایە دی".

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی "لە ڕۆژی ١٩ی ئاب سەدان چەکداری نامۆ هاتبوونە ناو ڕاڕەو و هۆڵی پەرلەمان و ئەگەری ئەوە هەبوو هەر شتێکی نەخوازراو ڕوو بدات".

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو باسی ئەوەشیکرد "کاک مەسعود ئەگەر سەرۆکی هەرێم نەبێت هەر سەرۆکی هەولێر و دهۆکە و لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردووشدا سەرۆکی سلێمانی و گەرمیان نەبووە".



PM:10:45:22/08/2015