ئەبوبەکر هەڵەدنی بۆ پەرلەمانتارێکی گۆڕان: خیانەت ئەوەیە هەموو كاری پەرلەمانتاری لە جنێوداندا خڕبكەیتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو ئەبو بەکر هەڵەدنی وەڵامی پەرلەمانتاری گۆڕان ئەنوەر قادر دەداتەوەو دەڵێت: خیانەت ئەوەیە جەنابت سەرە واوێكت لە مێشكدا نییەو بویتە ئەندامی لیژنەی یاسایی. كە هەموو شتێك دەزانیت جگە لە یاسا و هاوكارانم دەزانن ئەم ساڵ و چوار مانگە بەیەك دەستەواژە و ڕستە خزمەتت بە لیژنەی یاسایی نەكردوە.

لە وەڵامی پەرلەمانتاری گۆڕان ئەنوەر قادر کە لە گۆڤاری لڤین وتبووی یەکگرتوو "خائن و دووڕو چەواشەكارو بێ جورئەت و ترسنۆك و لەباردا نەبوو"و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو ئەبو بەکر هەڵەدنی لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت" خیانەت ئەوەیە تۆ لەسەر كورسی پەرلەمانێك دانیشتویت و شایستەی نیت".

هەروەها ئەبوبەکر هەڵدەنی دەڵێت" جوێندان و پەلاماردانی ئێمە و مانان جگە لە گەمژەیی و ناحاڵی بوون هیچی تر نییە چونكە خەڵك هەموان دەناسن و ئەو شاهیدیە بۆ خەڵكی كوردستان بەجێدەهێڵم".

ده‌قی وه‌ڵامه‌که‌ی ئەبو بەکر هەڵەدنی ‌:
وەڵامێك بۆ وتە نەشیاوەكانی پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی گۆڕان
لە چاوپێكەوتنێكی گۆڤاری لڤیندا ئەنوەر قادر لە فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان كۆمەلێك وتەی نەشیاو و جوێنی ئاڕاستەی یەكگرتووی ئیسلامی كردووە كە پاڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا نەبوایە زاتی ئەوەی نەدەكرد بە ئێمە مان بلێ (خائن و دووڕو چەواشەكارو بێ جورئەت و ترسنۆك و لەباردا نەبوو.)
ئەو پەرلەمانتارە جوێن بە یەكگرتوویەك دەدات  كە هەزاران ئەندامی (زیندانی و بێ بەش و بێحورمەتی و سوكایەتی) یان پێكراوە لەسەردەستی هەندێك گۆڕانخواز كە لەگەڵ تۆدا هاوكارن و لافی چاكسازی و دیموكراسیشمان بەسەرەوە لێدەدەن و بەشدارێكی كارابوون لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و چەوساندنەوە و گەندەڵی لەم هەرێمەدا.
نەمدەویست لە ئاستی كەسێكی وادا قسە بكەم بەڵام لەبەر هەندێك ئیعتیبار بە كورتی دەلێم خیانەت كامەیە:-
1. خیانەت ئەوەیە تۆ لەسەر كورسی پەرلەمانێك دانیشتویت و شایستەی نیت.
2. خیانەت ئەوەیە جەنابت سەرە واوێكت لە مێشكدا نییەو بویتە ئەندامی لیژنەی یاسایی. كە هەموو شتێك دەزانیت جگە لە یاسا و هاوكارانم دەزانن ئەم ساڵ و چوار مانگە بەیەك دەستەواژە و ڕستە خزمەتت بە لیژنەی یاسایی نەكردوە.
3. خیانەت ئەوەیە هەموو كاری پەرلەمانتاری لە جنێوداندا خڕ بكەیتەوە.
4. خیانەت ئەوەیە خۆت لێبگۆڕێت، ئاخر چیت لە ئێمەزیاتر كردوە، هەموو خەڵكی كوردستان دەزانێت كە ئەگەر یەكگرتوو (نیسابی 23 ی حوزەیران) و (نیسابی لیژنەی یاسایی)( نیسابی واژۆی لیژنەی یاسایی ) تەواو نەكردایە كۆبونەوەی نائاسایی لە دایك نەدەبوو.
بۆیە ئامۆژگاریت دەكەم دەست لەم موهاتەراتە هەڵبگریت تۆ مافی ئەوەت نی یە موزایەدە بەسەر ئێمە مانانەوە بكەیت كە هەموو تەمەنمان لە خزمەتی (شۆڕش و خەڵك و كوردایەتی و چاكسازی و نیشتمان پەروەریدا) بەسەربردوە. تەنها قامێكمان لە قەڵافەتی شێرە بەفرینەی تۆ( ئازایی و جورئەت و ڕۆشنبیری و بوێری و یاسایی و ڕاستگۆ) ترە.
جوێندان و پەلاماردانی ئێمە و مانان جگە لە گەمژەیی و ناحاڵی بوون هیچی تر نییە چونكە خەڵك هەموان دەناسن و ئەو شاهیدیە بۆ خەڵكی كوردستان بەجێدەهێڵم.
(والعاقل یكفیه الاشارە)
ئەبوبەكر هەڵەدنی



PM:01:06:23/08/2015