فراكسیۆنی گۆڕان روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، روونكردنەوەیەك لەسەر قسەكانی پەرلەمانتارێكی ئەو فراكسیۆنە بڵاودەكاتەوە‌و رادەگەیەنێت وتەكانی ئەنوەر قادر بەهیچ جۆرێك گوزارشت لەرای بزوتنەوەی گۆڕان‌و فراكسیۆنەكەی ناكات.

ده‌قی‌ روونكردنه‌وه‌كه‌:

روونكردنەوەیەك لە سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان.

لە ژمارە (312)ی رۆژی (20/8/2015)ی گۆڤاری لڤین بەرێز ( ئەنوەر قادر مستەفا) پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لەمەڕ پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و رێكارەكانی لە پەرلەمانی كوردستان و رۆڵی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و فراكسیۆنەكەی لە پەرلەمانی كوردستان چەند قسەیەكی كردوە.

ئێمە رادەگەیەنین كە ئەم قسە و بۆچونانەی كاك ئەنوەر تایبەت بە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە هیچ جۆرێك گوزارشت لە رای بزوتنەوەی گۆڕان و فراكسیۆنەكەی ناكات.

لەبەر ئەوەی هەر لە سەرەتای پرۆسەكەوە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی پرۆژەیان هەبووە بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی  هەرێم و چەسپاندنی سیستەمی پەرلەمانی و تا ئێستاش جەختی لەسەر دەكەنەوە.

بە شێوەیەكی گشتیش بەشێك لەو چەمك و مەفاهیمانەی كە كاك ئەنوەر لە چاوپێكەوتنەكەیدا بەكاریهێناون، گوزارشت لە سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان ناكات.

 لێرەوە دووپاتی ئەوە دەكەینەوە كە پەیوەندی نێوان هەردوو فراكسیۆنی گۆڕان و یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان لەو پەری باشی بووە و هەوڵی پتەوتركردنیشی  دەدەین.

بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوام دەبێت لە خەبات كردن بۆ ئەوەی بە شێوزای شارستانیانە پەیوەندی سیاسی خۆی لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسیەكان چاك بكات و پەرەی پێبدات لە پێناو حزمەتكردنی بەرژەوەندی گشتی.


لەگەڵ رێزدا...

برزۆ مجید
سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان



PM:03:23:24/08/2015