مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو راگەیەنراوێك بڵاودەكاتەوە

كاتژمێر (10)ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێ شەممە (25/8/2015) بەسەرپەرشتی مامۆستا محەمەد فەرەج , ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان , مەكتەبی سیاسی كۆبویەوە .

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی فەرمی یەكگرتوو، لە كۆبونەوەكەدا بارودۆخی سیاسی هەرێم و هەوڵەكانی گەیشتن بە سازان تاووتوێكرا و جەخت كرایەوە لەسەر هەوڵی سەركەوتوانەی یەكگرتوو لەو بوارەدا و سەرجەم ئەگەرە چاوەڕوانكراوەكان تاوتوێكران و هیوایان خواست كۆبونەوەی (5) قۆڵی بە گیانێكی بەرپرسیارانەی بەهێزەوە گفتوگۆكان بە ئاكام بگەیەنێت و دڵی هاوڵاتیانی هەرێمەكەمان خۆش بكەن , چونكە ناكرێت و ڕەوا نیە خەڵك لەبەردەم نەبونی و بێ موچەیی و بێ كاریدا دوچاری نائارامی و چاوەڕێی ئەگەری ناخوازراویش بێت .

هەروەها لە تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكەدا بارودۆخی ناوخۆی ڕێكخستنەكان لە دەڤەرەكان تاوتوێكرا و گیانی خۆ ڕاگری و هیممەت بەرزی ڕێكخستنەكان بەرز نرخێنرا .

هەروەها ڕۆڵی دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیران و چاودێران لەبەرامبەر ئەو هێرشە ناڕەوا و چەواشەكاریانەدا كە كرانە سەر یەكگرتوو لە دوای (19)ی ئابەوە بەرز نرخێنرا .

شایانی باسە ئەمینداری گشتی هەوڵ و تێكۆشانی خوشك و برایانی سەركردەو كادران و ڕاگەیاندكاران و گەنج و لاوانی ڕێزەكانی ڕێكخستنی بەرز نرخاند و كە بە زمانێكی خاوێن و دور لە تەشهیر و ناوزڕاندن , سومعە و پێگەی حزب و هەڵوێستەكانی یەكگرتوویان پاراست و ڕاستیەكانیان وەك خۆی و ڕاستگۆیانە نیشانی جەماوەری كوردستاندا .



PM:05:59:25/08/2015