وەستا رەسوڵ: هەردوو گوندی ئەلبونەجم‌و تەلبەسەل ئازاد کرا

بەرپرسی میحوەری باشوری کەرکوکی هێزی پێشمەرگە رایگەیاند" هەردوو گووندی ئەبونەجم و تەلبەسەل ئازادکران".

بەرپرسی میحوەری باشوری کەرکوکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەستا رەسوڵ بەسپی راگەیاند " کاتژمێر ٦ بەیانی لەچەند میحوەرێکەوە هێزی پێشمەرگە دەستی بەهێرشکرد بۆ سەر چەند گوندێکی ناوچەکەو لە ماوەیەکی کەمدا توانیان گوندی ئەلبو نەجم و  تەلبەسەل رزگار بکەن".

وەستا رەسوڵ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ‌هێزەکانی پێشمەرگە و دژە تیرۆر بەشداری ئەم هێرشەیان کردو تا ئێستا شەڕ بەردەوامە.
هاوکات لە قۆڵێکی ترەوە لەخوار خورماتوەوە بەدیوی داقوقدا پێشمەرگە دەستی بەپێشرەوی کردووەو لەو ناوچەیەش نزیک بۆتەوە لە گوندی زەرگە.

وەستا رەسوڵ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە تیمی مین هەڵگرەوە لەگەڵ هێزی پێشمەرگە سەرقاڵی هەڵگرتنەوەی ئەو مینە زۆرەن کە چەکدارانی داعش لەو ناوچەیە چاندوویانە.

بەرپرسی میحوەری باشوری کەرکوک بە سپی راگەیاند فرۆکەکانی هاوپەیمانان لەیەکەم ساتی هێرشەکەوە بەشداری شەرەکەیان کردووە بەتوندی بۆردومان بنکەکانی داعش دەکەن.

بەپێی زانیارییەکانی سپی لەنێو ریزەکانی پێشمەرگە شەهیدو بریندار بەهۆی تەقینەوەی مینەوە هەیە.

لەلایەکی ترەوە هەر ئەم بەیانیە لەو میحوەرەوە چەکدارانی حەشدی شەعبی شیعە دەستیان بەهێرشکردووە بەمەبەستی گرتنەوەی گوندی بەشیری تورکمانی.

لە هەفتەی رابردوودا چەکدارانی داعش بە مووشەکی دوور هاوێژ چەند جارێک شارۆچکەی داقوقیان بەر مووشەک داو لەئەنجامدا چەند هاوڵاتییەک بوونە قوربانی و چەندانی تر برینداربوون.  



AM:10:15:26/08/2015