سپی ناکۆکیە سەرەکییەکانی نێوان پارتی‌و چوار لایەنەکە بڵاودەکاتەوە

ئەو شکستەی ئەمڕۆ دووچاری کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی لایەنەکان بوو، ناکۆکی چوار لایەنەکە و پارتی بوو لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی، سپی ئەو خاڵانە بڵاو دەکاتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند کۆبوونەوەی رۆژی ٨/٢٦ کە گوایە هەر پێنج لایەنەکە لەسەر ١٣ خاڵ رێککەوتن، هەموویان خاڵی تەشریفاتی و رۆتینی بوون، ئەو سەرچاوەیە دەڵێت" لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا گفتوگۆ لەسەر تەوەرە سەرەکییەکان کرا".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد " ناکۆکی گەورەو سەرەکی لەسەر شێوازی هەڵبژادنی سەرۆکە، پارتی داوا دەکات سەرۆک لەناو خەڵکەوە هەڵبژێردرێت، چوار لایەنەکەش داوا دەکەن سەرۆک لەپەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، پارتی لەم رووە بچووکترین سازش ناکات".

تەوەری دووەمی ناکۆکی نێوان پارتی و چوار لایەنەکە، پرسی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی هەرێمە، پارتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو دەسەڵاتە بدرێت بەسەرۆکی هەرێم، هەرچی چوار لایەنەکەیە داوا دەکەن سەر بە ئەنجومەنی وەزیران بێت.

خاڵێکی تر ناکۆکی نێوان لایەنەکان، پرسی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم کە ئێستا راوێژکارەکەی مەسرور بارزانییە، چوار لایەنەکە داوا دەکەن ئەو ئەنجومەنە سەر بە حکومەتی هەرێم بێت، پارتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە سەر بە سەرۆکی هەرێم بێت.

ناکۆکیەکی تری نێوان پارتی و چوار لایەنەکە، پرسی پێکهێنانی حکومەتە، پارتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەو لیستەی لەهەڵبژاردندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەو راسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵام چوار لایەنەکە داوا دەکەن راسپاردنی پێکهێنانی حکومەت بدرێت بە گەورەترین هاوپەیمانێتی لە دوای هەڵبژاردن کە لەناو پەرلەماندا دروستدەبێت.

خاڵێکی تر ناکۆکییەکان، دانانی دادوەرەکانە، پارتی داوا دەکات لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە دانرێت، چوار لایەنەکە داوا دەکەن ئەو ئەرکە بسپێردرێت بە ئەنجومەنی دادوەری خۆی.
  
سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆدا چوار لایەنەکەو پارتی لەسەر ئەم تەوەرانە کەسیان سازشیان بۆ یەکتر نەکرد، بۆیە کۆبوونەوەکە شکستی خوارد.



PM:10:47:30/08/2015