پارتی: گۆڕان هۆكاری سەرەكیی لەباربردنی تەوافوقە

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان دەڵێت: بەدڵنیاییەوە بزووتنەوەی گۆڕان هۆكاری سەرەكییە بە تێكدان و لەباربردنی تەوافوقی نێوان لایەنەكان

ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمان، بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵی رایگەیاند، سبەی وەرزی نوێی كاری پەرلەمانی دەست پێدەكاتەوە، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمەوەیە ئێمە دەمێكە رامانگەیاندووە، كە ئەو بابەتە دەبێ لە دەرەوەی پەرلەمان لایەنەكانی سیاسی یەكلایی بكەنەوە و بگەن بە سازان.

وتیشی: "پێشتر لە پەرلەمان هەوڵدرا كۆبوونەوەی نائاسایی بۆ پرسی سەرۆكایەتی ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەو هەوڵانە سەركەوتوو نەبوون، كەواتە ئەو بابەتە كاری پەرلەمان نییە، دەبێ لایەنەكان خۆیان یەكلایی بكەنەوە لەدەرەوە".

پێشیوایە، كاری پەرلەمان تەنیا پرسی سەرۆكایەتی نییە، بەڵكو كارە ئاساییەكانی خۆی دەكات، رۆژی سێ شەممە دانیشتن هەیە لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی كاری لیژنەی دەستووری هەروەها پێنج پڕۆژە یاسا هەیە پێویستیان بە خوێندنەوە هەیە.

  ئومێد خۆشناو روونیشیكردەوە،خولی چواری پەرلەمانی كوردستان، لەسەر بنەمای رێككەوتن دروستبووە، لەماوەی رابردوودا هەموو كارەكانمان بە رێككەوتن بەڕێ دەكرد، گفتوگۆ و راوێژ لە نێوان سەرۆك فراكسیۆنەكاندا هەبووە، بەڵام لەقۆناغی ئێستا بەدڵنیاییەوە ئەو ململانێیەی كە لەم ماوەیە لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم هەبووە، گۆڕانكاری بە كاری تەوافوقی دێت.

  خۆشناو وتیشی: "هەوڵێك هەیە بۆ كۆتایی هێنان بەكاری تەوافوقی لە پەرلەمانی كوردستان، بەدڵنیاییەوە بزووتنەوەی گۆڕان هۆكاری سەرەكییە بە تێكدان و لەباربردنی تەوافوقی نێوان لایەنەكان".



PM:04:26:31/08/2015