ئەنجومەنی ناوەند ٣١ ئاب ئیدانە دەکات‌و داوا دەکات لەسەر شەنگال لێکۆڵینەوە بکرێت

ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا یادی ٣١ ئاب و یادی ٣١ ی ئاب و ئەو شەهیدانە دەکاتەوە کەلەو رووداوەدا گیانیان لەدەستدا، هەروەها لەسەر شکستی شەنگال داوای لێکۆڵینەوەی یاسای لەو بەرپرسانە دەکەن کەکەمتەرخەمیان هەبووە لەو کەیسەدا.

لەراگەیاندنێکدا کە دوای کۆبوونەوەکە بلآوکرایەوە تیایدا هاتووە" لە یادی ١٩ یەمین ساڵڕۆژی کارەساتی ٣١ی ئابی ساڵی ١٩٩٦ و داگیرکردنی شاری هەولێری پایتەخت لەلایەن سوپای رژێمی بەعسی رووخاوەوە، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکارو هاوسەنگەرانی شەهیدانی ئەو کارەساتە دەکەین کە لەو رۆژە رەشەدا سەدان کادیرو فەرماندەو پێشمەرگەی قارەمانی حزب و لایەنە سیاسییەکان و سەدان هاوڵاتی بێتاوانی شاری هەولێرو دەوروبەری شەهیدکران و دەیان کەسی دیکەش دەستگیرکران و بێسەرو شوێن کران، هەروەک دەیان هەزار هاوڵاتیش ماڵ و حاڵیان بەجێهێشت و ئاوارەبوون. ئێمە وەک ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئیدانەی ئەو کارەساتە دەکەین و ئومێدەوارین جارێکی تر کارەساتی هاوشێوە رووبەرووی گەلی کوردستان نەکرێتەوە".

هەروەها لەو راگەیەنراوە هاتووە" لە کاتێکدا کە کەیسی داگیرکردنی شاری موصل لە پەرلەمانی عیراق لێکۆڵینەوەی تیادا کراو کەسانی کەمتەرخەم رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە، داواکارین لە پەرلەمانی کوردستان کە لێکۆڵینەوە لە کەیسی داگیرکردنی شەنگال و دەوروبەری و بەجینۆسایدکردنی کوردانی ئێزیدی بکات و کەمتەرخەمەکان رووبەڕووی یاسا بکرێنەوەو ئەنجامەکەش بۆ رای گشتی رابگەیەنرێت."

راگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ناوەندی لە رۆژی ٣١ی ئابی ٢٠١٥

١- سەرەتا لە یادی ١٩ یەمین ساڵڕۆژی کارەساتی ٣١ی ئابی ساڵی ١٩٩٦ و داگیرکردنی شاری هەولێری پایتەخت لەلایەن سوپای رژێمی بەعسی رووخاوەوە، سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکارو هاوسەنگەرانی شەهیدانی ئەو کارەساتە دەکەین کە لەو رۆژە رەشەدا سەدان کادیرو فەرماندەو پێشمەرگەی قارەمانی حزب و لایەنە سیاسییەکان و سەدان هاوڵاتی بێتاوانی شاری هەولێرو دەوروبەری شەهیدکران و دەیان کەسی دیکەش دەستگیرکران و بێسەرو شوێن کران، هەروەک دەیان هەزار هاوڵاتیش ماڵ و حاڵیان بەجێهێشت و ئاوارەبوون. ئێمە وەک ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئیدانەی ئەو کارەساتە دەکەین و ئومێدەوارین جارێکی تر کارەساتی هاوشێوە رووبەرووی گەلی کوردستان نەکرێتەوە. هەر لەم یادەدا داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکەین وەک مەرجەعی باڵای ئاسایی و شەرعی گەلی کوردستان هەڵوێستێکی فەرمی بنوێنێت لەپێناو پاشەکشەی هێزەکانی تورکیا لەسنوری پارێزگای دهۆک.
٢- داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین کە چارەنووسی بێسەرو شوێنەکانی ئەو کارەساتە ئاشکرابکرێت و قەرەبووی زیان لێکەوتووەکان بکرێتەوە.
٣- سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و پرۆسەی دانوستانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، ئەنجومەنی ناوەندی جارێکی دیکە پشتگیری لە سیاسەت و هەڵوێست و پرۆژەی فەرمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات کە جەخت دەکاتەوە لەسەر سیستمی پەرلەمانی و هەڵبژاردنی سەرۆک لەناو پەرلەمان و هەموارکردنەوەی دەسەڵاتەکانی. لە بارێکیشدا ئەگەر سازان و رێککەوتن لەنێوان لایەنەکان لەسەر ئەم پرسە نەکراو هەڵبژاردنی پێشوەخت بوو بە چارەسەرێک بۆ ئەم قەیرانە، ئەنجومەنی ناوەندی داوا دەکات کە جەماوەری کەرکوک لەو هەڵبژاردنە بێ بەش نەکرێن و هاوڵاتیانی کەرکوک و هەموو ئەو ناوچە کوردستانیانەی کە لەژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەدایە بەشداری پرۆسەی دەنگدان بکەن.
٤- لە کاتێکدا کە کەیسی داگیرکردنی شاری موصل لە پەرلەمانی عیراق لێکۆڵینەوەی تیادا کراو کەسانی کەمتەرخەم رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە، داواکارین لە پەرلەمانی کوردستان کە لێکۆڵینەوە لە کەیسی داگیرکردنی شەنگال و دەوروبەری و بەجینۆسایدکردنی کوردانی ئێزیدی بکات و کەمتەرخەمەکان رووبەڕووی یاسا بکرێنەوەو ئەنجامەکەش بۆ رای گشتی رابگەیەنرێت.
نەمری بۆ شەهیدانی گەلەکەمان
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان
ئەنجومەنی ناوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٣١ی ئابی ٢٠١٥



PM:09:37:31/08/2015