راگەیەنراوی کۆبوونەوەی بارزانی لەگەڵ چەند لایەنێکی سیاسی

پاش نێوەری ئەمڕۆ ٩/١ بارزانی لەپیرمام لەگەڵ سکرتێر و نوێنەرانی بەشێک لە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان کۆبووەوەو راگەیەنراوێکی  حەوت خاڵیان بڵاوکردەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

ڕۆژی سێشەممە 1ـی 9ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی بە مەبەستی ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی هەرێم لەگەڵ سكرتێر و نوێنەری بەشێك لە پارت و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆبوویەوە.

لەم كۆبوونەوەیە مەترسی و هەڕەشەكانی سەر هەرێمی كوردستان و قەیرانی سیاسیی ناوخۆ و بابەتی سەرۆكایەتیی هەرێم و هۆكارەكانی دەركەوتن و قووڵتربوونی قەیرانەكە و دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ دەرچوون لەم قۆناغە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەخت لەم خاڵانەی خوارەوە كرایەوە:

یەكەم: بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەڕەشە و دەرفەتانەی كە لە ئێستا و داهاتووی هەرێمی كوردستاندا هەن پێویستە پەلە لە دۆزینەوەی چارەسەرێكی نیشتیمانی و گونجاو بكرێت.

دووەم: لەم قۆناغەدا هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان بەرپرسیارێتیی مێژووییان لەسەر شانە و پێویستە بە پشت بەستن بە بنەمای سازان و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەڵ و نیشتیمان و داخوازییەكانی خەڵك و دووركەوتنەوە لە نەفەسی تەحەدا و یەكترشكاندن و تێكدانی ئاسوودەیی خەڵكی كوردستان، كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و لێكنزیككەوتنەوە بكەن و لەوەیشدا نابێ بە هیچ شێوەیەك هەوڵی پەراوێزخستنی پێكهاتەكان و لایەنە سیاسییەكان بدرێت.

سێیەم: بەردەوامبوونی ئەم قەیرانە و چارەسەرنەكردنی و، هەروەها پێكۆڵی لایەنەكان لەسەر هەڵوێستەكانیان لە خزمەتی بەرژەوەندی و سازانی نیشتیمانیدا نییە و زیان لە دەسكەوت و داهاتوو و ئاواتەكانی گەلی كوردستان.

چوارەم: هەموو حزب و لایەن و هاووڵاتییەك ئازادە لە دەربڕینی ڕای خۆی لەبارەی كێشە جەوهەرییەكانی وڵات و، چیتر ڕێگە نەدرێت بەهۆی هەڵوێستی سیاسی، خەڵك و پێكهاتە ڕەسەنەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی تەخوین بكرێن یان كار بۆ دەستەمۆكردن و پەراوێزخستنیان و كەمكردنەوەی مافەكانیان بكرێت.

پێنجەم: بۆ ئەوەی پارلەمانی كوردستان بە باشی بتوانێ ڕۆڵی لە چارەسەركردنی پرسە چارەنووسازەكاندا هەبێ و بڕیارەكان لەژێر سەقفی پارلەمان بدرێن پێویستە لە خولەكانی داهاتوودا حزبەكان كادرە باڵا و بڕیاربەدەستەكانیان بنێرنە پارلەمان.

شەشەم: بەردەوامیی ئەم قەیرانە و كاركردن بۆ دروستبوونی بۆشایی و پەكخستنی سازان و كۆبوونەوەكان و گرژی و شەڕی ئیعلامی زیان بە پێگەی هەرێمی كوردستان دەگەینێت و پێچەوانەی بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستانە.

حەفتەم: كۆبوونەوەكە قارەمانێتیی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستانی بەرز نرخاند و بە پێویستیش زانرا كە هەوڵەكان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووری و باشتركردنی باری گوزەرانی خەڵك و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان چڕتر بكرێتەوە.



PM:07:38:01/09/2015