پارتی: نەوشیروان زەهر دەڕێژێت

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت" حزبی گۆڕان بیری ناوچەگەرێتی و شارچێتییەتیمان بۆ زیندوو دەكاتەوە، كە ئەمە زەهر ڕشتنە لە جیاتی سازگار كردنی ئاوەكە".

سەرۆکی فراکسیۆن زەرەد، ئۆمێد خۆشناو لەپەیجی فراکسیۆنی زەرد، لە پۆستێکدا بەناونیشانی بزووتنەوەی ناوچەگەر دەڵێت: بەڕای من بەشێكی رێكنەوتن و نەسازانی لایەنەكانیش هەر بۆ ئەو خاڵە جەوهەریە دەگەرێتەوە، كە رێكخەری حزبی گۆڕان لە جیاتی بیركردنەوەی سیاسیانە، بیری ناوچەگەرێتی و دیالێكچێتی و تەنانەت شارچێتییەتیمان بۆ زیندوو دەكاتەوە، كە ناوە ناوە وەكو كارتی فشار بەخەیاڵی خۆی گۆمی مەنگی پێ دەشلەقێنێ، لەكاتێكدا ئەم زەهر ڕشتنە لە جیاتی سازگار كردنی ئاوەكە، سەرچاوەكەشی بۆگەن دەكات و كورد گوتەنی: لە جیاتی سندان دەیكات بە قوزەلقورد ؟! هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش ڕۆح وتێفکرینی ترازانه‌ نه‌ک سازان!.

ئومێد خۆشناو لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت: ئەوە بۆ چەندین هەفتە دەچێ لە جیاتی چارەسەر كردنی ئەو هەموو كێشانەی رووی تێكردووین و لەبری دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ ئەو قەیرانە داراییەی تا بینا قاقەمان هاتووە، لەجیاتی پتەو كردنی سەنگەرەكانی بەرگری دژ بە چەتەكانی داعش..... لە جیاتی هەموو ئەمانە، تازە بەتازە دەنگی ناشازی ناوچەگەریی سەری كۆڵانمان لێ دەگرێ و بووك و خەسو ئاسا داوای جیابوونەوەی ماڵ و خانومان لێدەكات.

خۆشناو پێیوایە "رێكخەری بزوتنەوەی گۆڕان لە چەندین بۆنەدا لە ئێستاو لە رابردووشدا ئەو خەونە نەزۆكەی دوژمنانی سەر سەختی كورد دووپات دەكاتەوە كەناوچەكان و شارەكان و گوندو دیهاتەكانمان لێ جیابكەنەوەو مۆركی ناوچەگەری خۆیان بەسەردا فەرز بكەن".

هەموو ئەو لێدوانانەی ئەم بەپرسەی پارتی و بەرپرسەکانی تری ئەم حیزبە و یەکێتی و گۆڕان، لەکاتێکدایە کە لەدواکۆبوونەوەی پێنج لایەنەکە رێککەوتن کە هێرشی میدیای نەکەنە سەر یەکتر. 











PM:07:36:06/09/2015