عادل موراد: رێککەوتنی پارتی‌و یەکێتی رێگا لەدرێژکردنەوەی ماوەی بارزانی دەگرێت

سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی دەڵێت" رێککەتنی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٣ ی پارتی و یەکێتی کرد کە رێگەنادات جارێکی دیکە ویلایەتی سەرۆکی هەرێم بۆ مەسعود بارزانی درێژبکرێتەوە".

عادل موراد سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی لەپێشوازی  سەفیری کەنەدا لەسەر کێشەکانی هەرێم و لەنێویاندا پرسی سەرۆکی هەرێم، وتی " یەکێتی جەخت لەسەر گرنگی لەبەرچاوگرتنی رێکارە یاساییەکان و سازان لەنێوان هەموو لایەنە کوردستانییەکان دەکاتەوەوە ئەنجومەنی ناوەندی لەو رووەوە بۆچوونی خۆی راگەیاندووە کە خۆی لە چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی وەک بنەمایەک بۆ حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان و هەمووارکردنی پرۆژەی دەستور بە سازان لەنێوان هەموو هێزو لایەنە سیاسییەکان وە دیاریکردن و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم و گونجاندنی لەگەڵ سیستمی پەرلەمانیدا".

عادل موراد لەو رووەشەوە ئاماژەی بە رێککەتنی ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٣ ی پارتی و یەکێتی کرد کە رێگەنادات جارێکی دیکە ویلایەتی سەرۆکی هەرێم بۆ مەسعود بارزانی درێژبکرێتەوە.

سەبارەت بەرۆڵی هاوپەیمانان لەمەڕی کۆمەککردنی هێزی پێشمەرگە، سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی وتی" تەنها بۆردوومانی ئاسمانی هێزی هاوپەیمانان بەس نییە بۆ رووبەڕوو بوونەوەو رێگەگرتن لەبڵاوبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکە و جیهاندا".

ئاماژەشی بۆ ئەوە کردووە "بنیاتنانەوەی متمانە وە رێگەچارەی تر بۆ ئاشتەوایی نیشتمانیی لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی عیراق گرنگە لەم قۆناغەدا بۆ بنەبڕکردنی رەگەکانی تیرۆر وە بەتوندی ئەو دەستێوەردانە دەرەکییانەی مەحکومکرد کە لەلایەن هەندێک لە وڵاتانی دراوسێ وە بە تایبەتی سعودییەو قەتەر دەکرێت بۆ تێکدانی بارودۆخی ئەمنی عیراق و وە لەباربردنی پرۆسەی سیاسی".

ئێوارەی رۆژی سێ شەممە ٨/٩/٢٠١٥ عادل موراد سکرێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی پێشوازیکرد لە برۆنۆ ساکۆمانی باڵیۆزی کەنەدی و سەرپەرشتیاری هەردوو سەفارەتی کەنەدیی لە عیراق و ئەردەن و وەفدی یاوەری کە پێکهاتبوون لە مایکل کاڵان راوێژکاری سەفارەت بۆ کاروباری پەرەپێدان و برابۆهۆ هاریهارانی قونسوڵی لە سەفارەتی کەنەدی و خزر صبیحات راوێژکاری کاروباری بازرگانی.
 



PM:02:10:09/09/2015