بارزانی: پەرەتەوازەیی، دەستكەوتەكانی گەلەكەمان دەخاتە مەترسی

مەسعود بارزانی لەپەیامێكدا رایدەگەیەنێت كە باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدان ئەوەیە جیاوازی بیروڕا و فرەلایەنی سیاسی بخرێتە خزمەت پتەوكردنی نیشتیمان و سەربەخۆیی و پێكەوەژیان و ئاشتی.

بارزانی بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕی ئەیلول پەیامێكی بڵاوكردەوە‌و تێیدا دەڵێت:  پەنجا و چوار ساڵ بەسەر هەڵگیرساندنی گەورەترین شۆڕشی گەلی كوردستان لەدژی زوڵم چەوساندنەوەدا تێدەپەڕێ كە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە. شۆڕشی ئەیلوول شۆڕشێكی سەرتاسەری گەلی كوردستان بوو كە هەموو شوێن و گوند و شارێكی كوردستانی گرتەوە. شۆڕشی مەزنی ئەیلوول ئەو بڕوابەخۆبوونەی لە ناخی هەموو تاكێكی كوردستانی دروست كرد كە خاوەنی ناسنامە و مافە و دەبێ داوای بكات و لەبەرانبەر داگیركاری و ناهەقیدا بوەستێتەوە. بۆ یەكەمجار لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان لەو شۆڕشەدا بوو كە جوتیار و مامۆستا و هونەرمەند و هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە بەشداری خەباتی نەتەوایەتی و دیموكراسیخوازی گەلەكەیان بوون و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستانیش شانبەشانی كورد لەژێر سەركردایەتێكی هاوبەش لەدژی ستەم و داگیركاری خەباتیان كرد. شۆڕشی ئەیلول ئەوەی بە دوژمن و ناحەزان گوت كە تێكڕای گەلی كوردستان خاوەنی یەك قەزیەیەی هاوبەشە و خەباتەكەشی لە ناوچەیەكی دیاریكراودا كورت نابێتەوە.

بارزانی لە پەیامەكەدا هەروەها دەنوسێت: لە كاتێكدا یادی ئەو شۆڕشە مەزنە دەكەینەوە كە گەلی كوردستان لەبەردەم دەرفەتی بەهادار و لە هەمانكاتیشدا هەڕەشەی زۆر گەورەیە. بە خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و بە گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەكانمان هەنگاوی زۆر مەزن هاوێشتراوە و دەكرێ سەركەوتنی یەكجارەكی تۆمار بكرێت و كۆتایی بە نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان بهێندرێت و بە سەربەستی و ئازادی بژیین. ئەو فرەلایەنی و ئازادییەی لە كوردستاندا هەیە لەسایەی خوێنی شەهیدان هاتووەتە دی. باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدان ئەوەیە جیاوازی بیروڕا و فرەلایەنی سیاسی بخرێتە خزمەت پتەوكردنی نیشتیمان و سەربەخۆیی و پێكەوەژیان و ئاشتی. پەرتەوازەیی و خوڵقاندنی قەیران و یەكترشكاندن هیچ سوودێكی بۆ دیموكراسی و بەهێزكردنی كوردستان نابێت و بە پێچەوانەوە كوردستان دەخاتە هەڵوێستێكی لاواز و دەرگە بۆ هەڕەشەی تر دەكاتەوە و دەستكەوتەكانی گەلەكەمانیش دەكەونە ژێر مەترسی.

 لەپەیامەكەدا هاتووە:  لەكاتی ئێستادا گەورەترین وانە كە دەبێ لە شۆڕشی ئەیلوول فێر بین ئەوەیە كە هەموو گەلی كوردستان و هێزە تێكۆشەرەكانیان چارەنووس و دۆز و بەرژەوەندی باڵای هاوبەش بەیەكەوەیان دەبەستێتەوە و یەكبوونمان مەرجی سەركەوتنی گەلەكەمانە و نابێ كارێكی وا بكرێت دەرفەتەكان لە كیس بچن.

لەكۆتاییدا هاتووە: لەو یادە مەزنەدا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی شەڕی دژی تیرۆریستان و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی گەلەكەمان دەنێرین. سڵاوی گه‌رم ده‌نێرم بۆ هه‌موو ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ی كه‌ به‌شداربوون له‌ شۆڕشی ئه‌یلوول و مێژوویان بۆ گەلی كوردستان دورست كرد. هیوای دوا ڕۆژی گەش بۆ گەلی كوردستان دەخوازم. ئومێد دەكەم هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان وزە و تواناكانیان بۆ بەرژەوەندیی و سەربەرزیی گەلی كوردستان تەرخان بكەن.



PM:05:56:10/09/2015