جەلال جەوهەر: درێژکردنەوەی ماوەی بارزانی نە یاساییە نە دیموکراسی

سەرۆکی وەفدی بزووتنەوەی گۆڕان لە دانوستانی پێنج قۆڵی، جەلال جەوهەر وتی" درێژکردنەوەی ماوەی بارزانی نە یاساییە، نە دیموکراسی".

لەچاوپێککەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی KNN جەلال جەوهەر بەرپرسی ژووری حکومەت و پەرلەمان لە بزووتنەوەی گۆڕان وتی: درێژکردنەوەی ماوەی بارزانی یاسایی نییە، چونکە لەدوا درێژکردنەوەی ٣٠ حوزەیرانی ٢٠١٣ دا لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە ماوەی سەرۆک بۆ جارێکی تر درێژناکرێتەوە.

ئەو دەڵێت: درێژکردنەوەی بارزانی دیموکراسییش نییە، چونکە رێگا لەدەستاودەستکردنی دەسەڵات دەگرێت.

ناوبراو لەو چاوپیکەوتنەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە سازان لای پارتی لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، ئەو لەشوێنی خۆیدا بوەستێت و خەڵک بەرەوپیری پارتی بچێت و، دەڵێت: پارتی تا ئێستا یەک هەنگاو نەهاتۆتە پێشەوە.

لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پێشوەخت کە پارتی داوای دەکات، جەلال جەوهەر باس لەوە دەکات کە پارتی لە تەناقوزاتدایە، لەلایەکەوە داوای هەڵبژرادن دەکات و لەلایەکی ترەوە کێشەو بەربەست بۆ کۆمسیۆن دروست دەکات.( ناوبراو سەرەتای دروستکردنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی کوردستانی بە مێژوو رۆژ بە رۆژ باس کرد کە بەقسەی ئەو پارتی چۆن کێشەی بۆ کەوتنە سەر پێی ئەو کۆمسیۆنە دروستکردووە).

سەبارەت بە مەترسی سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆو، بەهۆی ئەو کێشەیەوە، ئەو بەرپرسەی گۆڕان بەدووری زانی.
دەربارەی دووی ئیدارەیی ئەو وتی" ئەوە کارەساتێکی گەورەیە هەرێم دوولەت بکەین، لەوەش کارەساتتر کە بەهۆی کێشەی کورسی سەرۆکایەتییەوە هەرێم دوولەت بکرێت".
 
 
   



PM:10:09:11/09/2015