پارتی پێشنیاری چی کردووە بۆ چوار حیزبەکە؟ سپی زانیاری ورد بڵاودەکاتەوە

لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی پێنج لایەنەکە لەسەر پرسی سەرۆکی هەرێم پارتی سێ پێشنیاری کردووە، چوار لایەنەکە ٥ شەممەی داهاتوو وەڵامی ئەو پێشنیارانە  دەدەنەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی پێنج لایەنەکە کە لەهۆڵی سەعد عەبدوڵا لەهەولێر سازکرا، لەرێگای د. رۆژ شاوەیس سەرۆکی وەفدی پارتیەوە سێ پێشنیارەکەی پێشوو خراوەتەوە بەر دەمی چوار حیزبەکە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی د. رۆژ شاوەیس، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە پارتی سێ پێشنیاری هەیە، سەرۆکی هەرێم لەخەڵکەوە هەڵبژێردرێت، راپرسی  لەسەر سەرۆک بکرێت کە ئایا لەخەڵکەوە هەڵبژێردرێت، یان لە پەرلەمانەوە، چوار لایەنەکە دوو ساڵ بدەنەوە بە بارزانی سەرۆکی هەرێم بێت بەو دەسەڵاتانەی هەیبووە، بەرامبەر ئەوەش چوار لایەنەکە چییان دەوێت لە رۆژی پێج شەممەدا بە نوسراو بیهێننەوە کۆبوونەوەکە.

سەرچاوەکەی سپی ئەوەی ئاشکرا کرد کە چوار حیزبەکە رۆژی پێج شەممەی داهاتوو رای خۆیان لەسەر ئەو پێشنیارانەی پارتی بە نوسراو دەهێننەوە.

سپی زانیویەتی کە هەر چوار لایەنی یەکێتی و گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامی پێش کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی جارێک هەر خۆیان کۆبوونەتەوە، جارێکی تریش لەمیانەی کۆبوونەوەکاندا چوار قۆڵی کۆبوونەتەوە.

ئەمرۆ ٩/١٣ کۆبوونەوەی پێنج حیزبەکە لەهەولێر سازکراو وا بڕیارە جارێکی تر پێنج شەممە کۆببنەوە. 
      



PM:08:21:13/09/2015