سپی ناوەرۆکی وەڵامدانەوەی چوار لایەنەکە بۆ پارتی ئاشکرا دەکات

ئەمڕۆ بۆ دووەم رۆژ چوار لایەنەکە لەسلێمانی کۆبوونەوەو بە نوسراو دوو بژاردە دەخەنە بەردەم پارتی.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە چوار لایەنی (  گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ ) لە دوو رۆژی کۆبوونەوەیاندا لە سلێمانی رێککەوتوون دوو بژاردە بخەنە بەردەم پارتی لەسەر چۆنێتی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و دەسەڵاتەکانی.

بەپێی ئەو زانیاریانە ئەو دوو بژاردەیە کە دەخرێتە بەردەم پارتی، ئەو حیزبە سەرپشک دەکات کە کام لەو دوو بژاردەیە هەڵدەبژێرێت.

یەکێک لەبژاردەکان، تایبەتە بە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەخەڵکەوە، ناوەرۆکی بژاردەکە لەوەدە کۆدەبێتەوە کە سەرۆک لە خەڵکەوە هەڵبژێردرێت، بەڵام دەسەڵاتەکانی پرۆتۆکۆلی بێت" تەشریفاتی".( هاوشێوەی سەرۆکی عێراق ).

بەپێی زانیارییەکانی سپی بژاردەکەی تر چوارلایەنەکە لەوەدا بەرجەستە دەبێت، سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، بەڵام دەسەڵاتی پێبدرێت و مافی پەرلەمانیش بێت لێی بپرسێتەوە. چوار لایەنەکە بۆ ئەم بژاردەیە گەڕاونەتەوە بۆ ئەو راپۆرتەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان کە لەپرۆژەی چوار لایەنەکەوە ئامادەکرا کە ٦/٢٣ کۆبوونەوەی یەکەمی بۆ کراو لە ٨/١٩ چوار فراکسیۆنەکە شکستی هێنا کە ژمارەی یاسایی تەواوی ئەندامانی پەرلەمانی بۆ ئامادە بکرێت.

سەرچاوەکەی سپی ئەوەی ئاشکرا کرد کە بژاردەی دووەم گەڕانەوەیە بۆ راپۆرتی ئامادەکراوی پرۆژەی چوار لایەنەکە، بەلآم خاڵێكی گرنگی بۆ زیاد کراوە کە ئەویش "سەرۆکی هەرێم فەرماندەی هێزە چەکدارەکان دەبێت" کە ئەم دەسەڵاتە لە راپۆرتە ئامادەکراوی لیژنەی یاسایی چوار لایەنەکەدا نییە.

لەگەڵ ئەم دوو بژاردەیەدا چوارلایەنەکە بەرنامەیەکی چاکسازییان ئامادەکردووەو دەیخەنە بەردەم پارتی تا جێبەجێبکرێت لە رێگای حکومەتەکان و دامەزراوەکایەوە.

رۆژی پێنج شەممە ٩/١٧ چوار لایەنەکە لەسەر ئەم دوو بژاردەیە لەگەڵ پارتی کۆدەبنەوە تا بڕیاری لەسەر بدەن.     



PM:10:10:15/09/2015