سەرۆکی پەرلەمان: بەرامبەر تیرۆرستان یەک هەڵوێستین

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە پێشوازی شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا، دەڵێت "لە ماوەی ڕابردوودا ئەڵمانیا هاوکاریی مرۆیی و سیاسی پێشکەش بە هەرێمی کوردستان کردووە، بەتایبەتیش پشتیوانیکردنمان لە شەڕی دژ بە تیرۆرو هاوکاریی ئاوارەکان، هیوادارین هەردوو پەرلەمانی ئەڵمانیا و کوردستان لەم قۆناغەشدا هەماهەنگ بن بۆ دۆزینەوەی چارەسەریی گرفتە جیاوازەکان کە ڕووی لە ناوچەکە کردووە."

ئەمڕۆ ٤ شەممە ١٦ی ئەیلول، شاندێکی فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی(گیدۆڵ ڕاینشباخ- Gerolf Reichnbach) سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەلایەن سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانەوە پێشوازیکران.

لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی شاندی پەرلەمانی ئەڵمانیا وتی "هەرێمی کوردستان لە شەڕێکی گەورەدایە دژ بە تیرۆرستان، ئەمە جگە لە قەیرانی دارایی و کێشە سیاسییەکانتان، بۆیە گرنگە هەنگاوی گەورەتر بەرەو دیموکراتی و بونیادنانی وڵاتەکەتان بنێن.
دواتریش د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمان، باسێکی لە کاری پەرلەمانی و بارودۆخی کوردستان و شەڕی دژ بە تیرۆرستانی بۆ شاندەکە کرد، لەبارەی سەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگە لەشەڕی دژ بە تیرۆرستان، سەرۆکی پەرلەمان وتی "ئەگەر لە ناوخۆدا جیاوازیمان هەبێت، بەڵام بەرامبەر تیرۆرستان یەک دەنگ و یەک هەڵوێستین، هەر بۆیە پێشمەرگە قارەمانانە شەڕی دژ بە تیرۆرستان دەکات."

لەبارەی پەیوەندی نێوان پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی ئەڵمانیا، سەرۆکی پەرلەمان وتی "سەردان و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پەرلەمان وادەکات هەردوو لا هەماهەنگ بین لە دۆزینەوەی چارەسەریی گرفتەکان."



PM:12:01:16/09/2015