سپی وردەكاریی كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكە بڵاودەكاتەوە

كۆبوونەوەی ئەمرۆ نێوان پێنج لایەنی سیاسی هەرێم لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم كۆتایی‌ هات و لایەنەكان نەگەیشتنە هیچ رێكەوتنێك‌و كۆبوونەوەی دواتر لەهەفتەی یەكەمی مانگی داهاتوو ئەنجام دەدرێت.

پاش كۆتایی هەشتەمین كۆبوونەوەی پێنج لایەنی سیاسی (پارتی، یەكێتی، گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ) كە لەهۆڵی سەعد عەبدوڵا لەهەولێر بەڕێوەچوو، فوئاد حسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا وردەكاریی كۆبوونەوەكەی بە میدیاكان راگەیاند.

فوئاد حسێن  سەرەتا بەناوی هەر پێنج حیزبەكەوە سوپاسی خەڵكی هەڵەبجەی كرد كە ئەمرۆ ژمارەیەكیان خۆپیشاندانێكان ساز كرد‌و وتی: نوێنەرانی خەڵكی هەڵەبجە پەیامی ئەوەیان پێبوو كە پێویستە حیزبەكانی كوردستان پێكەوە ئێش بكەن و بگەنە سازان.

فوئاد حسێن وتی: ئەوە پەیامی خەڵكی كورستانە بە گشتیی‌و ئەگەرچی ئەمرۆ حیزبەكان نەگەیشتنە ئەنجامی كۆتایی و بڕیاربدەن لەسەر داهاتووی سیستمی سیاسی كوردستان، بەڵام ئەمرۆ پلەیەك بەرەو سەرەوە چوون‌و دەرگای گەورە كراوەتەوە لەرێگەی دانوستانی حیزبە سیاسیەكاندا.

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی ئەمرۆ وتی: لەم كۆبوونەوەی ئەمرۆدا چوار لایەنی سیاسی پێشنیارەكانی خۆیان خستەڕوو‌ و موناقەشەی لەسەركرا. ئەو پێشنیارە درابوو پەیوەندی هەبوو بەمیكانیزیمی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم  لەدەرەوە یان لە ناو پەرلەمانەوە.

وتیشی: ئەوان دوو پێشنیاران خستەڕوو كە سەرۆكی هەرێم لەنێو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت بە كۆمەڵێك دەسەڵاتەوە، دووەم ئەوەی كە سەرۆكی هەرێم لە نێو خەڵك هەڵبژێردرێت بە چەند دەسەڵاتێك كە كەمترە لە پێشنیاری یەكەم.

ئاماژەی بەوەشدا كە لەسەر ئەو پێشنیارانە موناقەشە كرا‌و پارتی رایگەیاند كە پێشنیارەكان بۆ مەكتەبی سیاسی خۆی دەباتەوە‌و پاش موناقەشەی زیاتر لە كۆبوونەوەی داهاتوودا وەڵام دەداتەوە.

فوئاد حسێن وتیشی: لەكۆبوونەوەی ئەمرۆدا هەروەها بەیاننامەیەك لەسەر راگرتنی شەڕی میدیایی راگەیەنرا‌و داوا لە میدیای حیزبەكان‌و هەموو میدیای كوردستان كرا کە لە ئێستادا كە پرۆسەكە بەرەوپێش دەڕوات‌و مەعقول نیە لەهەندێ كاناڵ هێرش بكەرێتەسەر كەسایەتی حیزبەكان.

وتیشی: بۆ ئەم مەبەستە رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ بەرپرسانی راگەیاندنی هەر پێنج حیزبەكە كۆبوونەوە دەكرێت.

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم وتیشی كۆبوونەوەی داهاتوو لە سلێمانی دەبێت‌و پاش جەژنی قوربان رۆژی 6ی مانگی 10 بەڕێوە دەچێت.



PM:02:45:17/09/2015