قوباد تاڵەبانی: لەکوردستان قەیرانی کێک هەیە

جێگری سەرۆکی حکومەت قوباد تاڵەبانی دەڵێت"‌سەرەڕای قەیرانی دارای و جەنگ دژی تێرۆریستانی داعش و کێشەی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و ..... دیارە ئەمڕۆ قەیرانێکی دیکە رووی لە کوردستان کرد. قەیرانی کێک".

قوباد تاڵەبانی لە روونکردنەوەیەکدا لەسەر رۆژی لەدایکبوونی نێچیرڤان بارزانی کە دوێنێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گفتوگۆی زۆری دروستکردو بوو بە هەڵایەکی زۆر، دەڵێت" پێش ئەوەی من کادرێکی یەکێتی بم، من کوردستانیم، پێش ئەوەی من کوردستانی بم من بەشەرم، سیاسەت هەمووشتێک نیە، دەکرێت دوور لە هەڵوێست یان بۆچوونی سیاسی هاورێیەتی هەبێت".

دەقی روونکردنەوەکە

قەرانێکی دیکە رووی کردە کوردستان...بەڵام چارەسەرمان کرد

‌سەرەڕای قەیرانی دارای و جەنگ دژی تێرۆریستانی داعش و کێشەی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و ..... دیارە ئەمڕۆ قەیرانێکی دیکە رووی لە کوردستان کرد. قەیرانی کێک.

‌بەڵێ، تومەز، خەڵکانێک کە خۆیان زۆر بە دڵسۆزی من دەزانن نیگەرانی و خەم و دڵگرانی خۆیانیان پێگەیاندووم ، چ لە رێی سوشیاڵ میدیا چ راستەوخۆ، کە گوایە ئەمڕۆ من، بە بۆنە جەژنی رۆژی لە دایکبوونی، کێکێکم کڕیوە بۆ سەرۆکی حکوومەت کاک نێچیرڤان.

‌لێرەدا لە خۆم ئەپرسم، بۆچی شتێکی وا ئاسایی هەڵایەکی نا شایستە دەنێتەوە؟ بۆچی کۆمەڵگاکەمان وا بەرەو ئاڕاستەیەکی نا تەندروست دەڕوات کە وامان لێ بکات گومانمان لە وە بێت کە هەڵوێستێکی زۆر ئاسایی وەک هەڵوێستێکی پڕ مانای شاراوە یان سیاسی وەسف بکرێت؟

‌برادەرینە، پێش ئەوەی من کادرێکی یەکێتی بم، من کوردستانیم، پێش ئەوەی من کوردستانی بم من بەشەرم، سیاسەت هەمووشتێک نیە، دەکرێت دوور لە هەڵوێست یان بۆچوونی سیاسی هاورێیەتی هەبێت، دەکرێت دوور لە رکابەری و موزاەدە پێکەوە ژیان و پێکەوە کارکردن هەبێت.

‌خۆشبەختانە قەیرانی کێک بە ئاسانی چارەسەر کرا. کێکەکە خورا، بێ ئێوە ناخۆش، و مەترسن گرانیش نەبوو، بۆیە ئەوەی هێشتا دڵی گرانە، مەترسن.....هەر قوبادەکەی جارانم....کۆتایی بە دونیا نەهات، کەس ئازاری پێ نەگەیشت، بەڵکو لە نێو کەش و هەوایەکی نا تەندروست و پڕ ئاڵۆزی و سیاسی توانیمان، تیمی ئابووری حکوومەتی هەرێم، بە بەشداربوونی وەزیر و فەرمانبەرانی سەر بە چەند لایەکی جیاواز، بە بۆنەی جەژنی رۆژی لە دایک بوونی سەرۆک وەزیرانەکەمان بیهێنینەوە بیر خۆمان کە هاوڕێیەتی و پێکەوە کارکردن لە پێناو بەرژەوەندی گەل زۆر لە سیاسەتی تەسکبینی حزبی بە قیمەت ترە. 



AM:11:29:22/09/2015