دوو وەزیری هەدەپە لە حكومەتی توركیا دەستیان لەكاركێشایەوە

دوو وەزیری پارتی دیموكراتیكی گەلان (هەدەپە) لە كابینەی حكومەتی توركیا بەسەرۆكایەتی ئەحمەد داود ئۆغڵو كشانەوە.

عەلی حەیدەر کۆنجا، وەزیری کاروباری یەکێتی ئەوروپا و موسلیم دۆغان، وەزیری پەرەپێدان لە حکومەتی هەڵبژاردنی تورکیا، دەستیان لەکارکێشایەوە.

سەبارەت بە هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەیان، عەلی حەیدەر کۆنجا، وەزیری دەستلەكاركێشاوەی یەکێتی ئەوروپا لەسەر لیستی هەدەپە، لە كۆنگرەیەی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند " ئاکەپە دەیەوێت هەدەپە لەو گرژی و ئاڵۆزییانەی تورکیا تۆمەتبار بکات".

کۆنجا هەروەها وتی " ئێمە لە دژی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان وەستاینەوە، ئەمەش یەکەم حاڵەتە وەزیرێک لە دژی بڕیارێکی حکومەت بووەستێتەوە". جەختیشیكردەوە كە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە پراکتیکی دەستووری گۆڕیوەو کودەتای کردووە.
 
هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی دوو وەزیرەکەی هەدەپە لەکاتێکدابوو كە کابینەی حکومەتی تورکیا لە کۆبوونەوەدابوو.



PM:05:07:22/09/2015