عادل موارد داوا دەکات سووپای روسیا لەعێراقیش بەشداری شەڕی داعش بکات

دوای دابەزینی سووپای روسیا لە سوریا بۆ یارمەتیدانی بەشار ئەسەد، سکرتێری ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی داوا دەکات سووپای روسیا بەشداری شەڕی داعش لە عێراقیشدا بکەن.

عادل موراد لە لێدوانێکیدا بۆ سپی میدیا لەسەر باردۆخی نوێی ناوچەکەو لێکنزیکبوونەوەی روسیا و ئەمەریکا لەسەر پرسی سوریا، دەڵێت" گەلی عێراق و سوریا هیچ حەساسیەتێکیان بەرامبەر روسیاو ئێران نییە".

عادل موراد پێیوایە ئەو هاوپەیمانێتیە نوێیەی نێوان روسیاو چین و ئێران و سوریا و عێراق و حیزبوڵای لوبنانی و وڵاتانی تر کە پاڵپشتی ئەو ئاراستەیە دەکەن، کاردەکەن لەپێناو شکستپێهێنانی داعش و رزگارکردنی گەلی سوریا.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان ئۆبامای سەرۆکی ئەمەریکاو بۆتینی سەرۆکی روسیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتووەکان کە ئەمڕۆ لە نیۆرک سازدەکرێت، عادل موراد دەڵێت" ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیە هەماهەنگی سەربازی نێوان هەر دوو وڵاتی لێدەکەوێتەوە دژی داعش، ئەمەش پشێوازی لێدەکرێت لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە".

ئەو دەڵێت" روسەکان رەزامەندیان پێشان دا پاشکەشە بکەن لە ئۆکرانیا، کە ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ نزیکبوونەوەی هەردوو جەمسەرەکە، ئەمە لەکاتێکدا کە کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمەریکاو چین بووە مایەی رێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵاتەکە". 
     



AM:12:43:26/09/2015