گۆڕان ئینزاری پارتی دەکات

بزووتنەوەی گۆڕان لە زاری بەرپرسی ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانیەوە ئینزاری پارتی دەکەن و دەڵێن" ئەگەر وەڵامی پارتی بەفەرمی هاوشێوەی ئەو وەڵامەی نێچیرڤان بارزانی بێت ئەوا كۆتایی بەگفتوگۆكان دەهێنین".

محەمەد تۆفیق ڕەحیم بەرپرسی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بەدەنگی ئەمەریکای ڕایدەگەیاند" چاوەڕێی پارتی دیموكراتی كوردستانن بەفەرمی وەڵامی دوو پێشنیازەکەی چوار لایەنەكە بداتەوە".

بەرپرسی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بەدووری نەزانی ئەگەر وەڵامی پارتی بەفەرمی هاوشێوەی ئەو وەڵامەی نێچیرڤان بارزانی بێت ئەوا كۆتایی بەگفتوگۆكان دەهێنین چونکە چوار لایەنەکە بێ لەو دوو بژاردەیە هیچ بژاردەیەکی تریان نییە.

ئەمڕۆ لەیەكەم لێدوانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی باڵا دوای پێشكەشكردنی ئەو بژاردانە لەلایەن چوار لایەنەكەوە ئەمڕۆ یەكشەممە ٩/٢٧ نێچیرڤان بارزانی وتی"بژاردەی لایەنەكان سەبارەت بەهەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم سەیرن و دەبوو پێچەوانە بووایە."

وا بریاریشە ١٠/٦ جارێکی تر لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم پێنج لایەنەکە کۆببنەوە و،  پارتی رای خۆی لەسەر هەردوو بژاردەی چوار لایەنەکە بخاتە روو. 



AM:01:15:28/09/2015