پارتی: بانگهێشتی کۆنگرەی نەتەوەیی نەکراین

بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت کە پارتی بانگهێشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان نەکراوەو هەر بۆیە بەشداریان نەکردووە.

ئەحمەد كانی بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەكانی پارتی بەدەنگی ئەمەریکای راگەیاند: هۆكاری بەشداری نەكردنی پارتی لە كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پارتی بانگهێشت نەكراوە بۆ كۆنگرەكە.

لەدرێژەی لێدوانەکەیدا کانی دەڵێت: هۆكاری بانگهێشت نەكردنەكەیان نازانن چیە؟ دەشڵێت ئەگەر هۆكارەكە لەبیرچوون بێت ئەوا شتێكی باش نیە، خۆ ئەگەر بەمەبەست بووبێت ئەوە شتێكی زۆر خراپە.

کانی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پارتی قورسایی خۆی هەیە لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەكەی كوردستان.

ئەو بەرپرسەی پارتی وتیشی: باس لەوەش دەكات لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەی كوردستان حیزبێك هەیە دەیەوێت خۆی بسەپێنێت یان ئەجێنداكەی تاك لایەنانە بسەپێنێت كە وەك جەخت دەكاتەوە، ئەمە نەك بەتەنها لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، بەڵكو لەلایەن زۆربەی لایەنە سیاسیەكانی كە خاوەن مێژوون ئەم خۆسەپاندنە ڕەتدەكەنەوە.

١٥ مین جڤاتی گشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (ک.ن.ک) لە بروکسلی پایتەختی بەلجیکا لە رۆژانی ٢٥-٢٧ ئەیلول بەبەشداری ٣٠٠ کەس لە ٢٧٦ یان ئەندام  ٤٤ پارتی و رێکخراو و بزوتنەوەی سیاسی و مەدەنی  ٦ پارت و رێخکراوەی چاودێر و میوان بەسترا. 




AM:10:30:28/09/2015