یەکێتی:دەستگیرکردن لەدهۆک‌و هەولێر خەریکە دەبێتە دیاردە

ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی لەراگەیاندراوێکدا دەڵێت" دەستگیرکردن و بێزارکردنی کادیرو ئەندامانی حزب و لایەنە سیاسییەکان لەسنوری پارێزگاکانی هەولێرو دهۆک خەریکە ببێتە دیاردە، کە هەڤاڵ (عیسا بارزانی)ش یەکێکە لەو نمونانە".

دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی کە ئەمڕۆ لە سلێمانی سازکرا، راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە، لەو راگەیاندنەدا ئەنجومەن ئاماژە بۆ ئەوە دەکات: چیتر کەسانی بێتاوان لەسەر بیری سیاسی جیاواز دەستگیرنەکرێن کە ئەم جۆرە دیاردانە دەبنە هۆی ناشرینکردنی ناوبانگی هەرێمی کوردستان و ئازادی رادەربڕینیش لەم هەرێمەدا دەخرێتە ژێر پرسیارەوە.

سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتی هەرێم  لەراگەیاندنەکەدا هاتووە" ئەنجومەنی ناوەندی جەخت لە سیاسەتی نەگۆڕی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکاتەوە لە چارەسەرکردنی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم لەرێگای دانوستان و سازانەوە، لە کاتی بەبنبەست گەیشتنی دانوستانەکان یەکێتی هەڵوێستی فەرمی خۆی رابگەیەنێت بە راوێژ لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بەهەڵبژاردنی پێش وەخت بە یەکێک لە چارەسەرەکان دەزانێت و جەماوەری کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بێبەش نەکرێن لەو هەڵبژاردنە".
 



PM:08:02:30/09/2015