تاێستا نەزانراوە مستەفای سەید قادر بەشداری کۆبوونەوەی بارزانی‌‌و ئەمەریکیەکان دەکات

ئەمڕۆ وەفدی سەربازی ئەمریکی بەسەرکردایەتی جون ئالان دەگاتە هەرێم و بارزانی پێشوازی لێدەکات، فەرماندەی یەکەکانی ٧٠ بەشدار دەبێت، تا ئێستا نەزانراوە ئایا وەزیری پێشمەرگە بەشدار دەبێت، لەکاتێکدا یەکێک لەکێشە گەورەکانی پرسی سەرۆکایەتی، بابەتی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانە.

جەنەراڵ جۆن ئالان مونەسیقی هێزی هاوپەیمانانی دژە داعش لە بەغداوە دەگاتەوە هەرێم و لەگەڵ بارزانی کۆدەبێتەوە، تا ئێستا نەزانراوە کە مستەفای سەید قادر بەشدار دەبێت، یان بایکۆتی دەکات، لەکاتێکدا بەپێی زانیارییەکانی سپی فەرماندەی هێزەکانی ٧٠ ی یەکێتی کە جەعفەر شێخ مستەفایە بەشداری کۆبوونەوەکە دەکات.

یەکێک لەو تەوەرانەی دوێنێ ١٠/٨ لە کۆبوونەوەی پێنج لایەنەکەدا لەسلێمانی مشتومڕی زۆری لەسەر کرا، پرسی فەرماندەی هێزە چەکدارەکان بوو، چوار لایەنەکە چەند پێشنیارێکیان خستبووە بەردەم پارتی، بەڵام پارتی سووربوو لەسەر مانەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم وەک ئێستا کە فەرماندەی هێزە چەکدارەکانە، ئەمەش یەکێک بوو لە هۆکاری شکستی کۆبوونەوەکانی دوێنێ، بەڵام ئەمڕۆ هەریەک لە مستەفای سەید قادر وەزیری پێشمەرگەو، جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی هێزەکانی ٧٠ بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە دەکەن کە بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم و فەرماندەی هێزە چەکدارەکان پێشوازی لە جەنەراڵ جۆن ئالان دەکات.

لەبەراوری ٨/٢٠ ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم لە رووی یاساییەوە کۆتایی هاتووە، تا ئیستا بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی فەرماندەی هیزە چەکدارەکان خۆی نمایش دەکات کە ئەمەش لەلایەن چوار لایەنەکەوە رەتکراوەتەوە.



AM:11:15:09/10/2015