وەفدێکی باڵای ئێرانی لەگەڵ پارتی کۆدەبنەوە

وەفدێكی ئێرانیی بە سەرۆكایەتی ئاغای مەسجدی كە یەكێك لە سەركردە دیارەكانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەسەر رووداوەکانی ئەم دواییەی هەرێم، ئیزندانی وەزیرەکانی گۆڕان‌و رێگرتن لە سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی کۆبۆتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی راگەیاند وەفدێکی ئێرانی بەسەرۆکایەتی ئاغای مەسجدی ئەمڕۆ سەردانی هەولێری کردووە لەگەڵ بەرپرسانی پارتی لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم و ئیزندانی وەزیرەکانی گۆڕان و رێگرتن لەسەرۆکی پەرلەمان کۆبۆتەوە.

سەبارەت بەکۆبوونەوەی ئەو وەفدە لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی، سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئاغای مەسجدی و وەفدە یاوەرەکەی لەهەولێر لەگەڵ جێگرانی سکرتێری گشتی یەکێتی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح کۆبوونەتەوە.

سەرچاوەکەی سپی ئەوەی ئاشکرا کرد کە بڕیارە ئەمشەویش لەگەڵ بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبێتەوە.

ئاغای مەسجدی لەناو فەیلەقی قودسی سووپای پاسداران بە کەسی دووەمی دوای قاسمی سلێمانی هەژمار دەکرێت، کە ئەو فەیلەقە بەپرسە لەدۆسیەی سیاسی و ئەمنی و سەربازی عێراق و سوریاو لوبنان و ناوچەکانی کەنداو.



PM:09:37:14/10/2015