قوباد تاڵەبانی رای خۆی لەسەر پۆستەکانی گۆران ئاشکرا کرد

قوباد تاڵەبانی و وەزیرەکانی یەکێتی ئامادەنین شوێنی وەزیرەکانی گۆڕان بگرنەوە. 

سەرچاوەیەك لە نوسینگەی‌ جێگری‌ سەرۆك وەزیرانی‌ هەرێمی‌ كوردستان هەواڵێك رەتدەكاتەوە كە گوایە پێشبینی‌ دەكرێت قوباد تاڵەبانی‌ بێجگە لەپۆستەكەی‌ خۆی‌ بۆ لەمەولا پۆستی‌ وەزیری‌ دارایش پڕدەكاتەوە.

سەرچاوەیەك لەنوسینگەی‌ قوباد تاڵەبانی‌ لە لێدوانێكیدا بۆ وێستگە، ئەو هەواڵەی‌ ڕەتكردەوە كە یەكێك لەماڵپەڕەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بڵاویكردۆتەوە "گوایە پێشبینی‌ دەكرێت، قوباد تاڵەبانی‌ ئەركەكانی‌ وەزیری‌ دارایش ڕاپەرێنیت".

سەرچاوەكەی‌ نوسینگەی‌ جێگری‌ سەرۆك وەزیرانی‌ هەرێمی‌ كوردستان وتی‌"قوباد تاڵەبانی‌ جێگری‌ سەرۆك وەزیرانی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان ڕاسپاردەو بڕیارەكانی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان جێبەجێ‌ دەكات كە بریتییە لەوەی‌ یەكێتییەكانی‌ حكومەت جێگەی‌ هیچ وەزیرێكی‌ گۆڕان پڕ ناكەنەوە".

سەرچاوەكە دەشڵێت"ئەو پێشبینییە تەنها پێشبینی ئەو كەسەیە كە هەواڵەكەی‌ بڵاوكردۆتەوە".

لێدوانی‌ ئەو سەرچاوەیە لەكاتێكدایە كە هیڤا میرخان بڕیاردەری‌ لیژنەی‌ دارایی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان پێشبینی‌ ئەوەی‌ كردووە كە قوباد تاڵەبانی‌ جێگەی‌ وەزیری‌ دارایی‌ دەگرێتەوە.

نوسینگەی‌ جێگری‌ سەرۆك وەزیرانی‌ هەرێمی‌ كوردستان دەڵێت: ئەو هەواڵ و پێشبینییە رەتدەكەینەوە.



PM:06:41:15/10/2015