گۆران: بارزانی سەرۆک نییەو کێشەکان دەبێت لەپەرلەمان چارەسەربکرێت

راگەیەنراوی کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە لە ٨/١٩ بارزانی سەرۆکی هەرێم نییە، ئەوەی پارتی دژی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕان کردنی کودەتای سەربازییە، پەرلەمان مەرجەعی هەموو کێشەکانەوە. 

دەقی راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان

جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە دوا کۆبونەوەی‌دا، کە لە رۆژی (15و 16ی 10ی 2015) لە سلێمانی بەرێوە چوو، سەرجەم بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دژ بە سەرۆکایەتی پەرلەمان‌و، وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بە کودەتایەکی چەکداری دەزانێت، دژ بە شەرعیەتی‌ دام‌و دەزگا هەڵبژێردراوەکانی خەڵکی کوردستان‌و پەکخستنی پرۆسەی سیاسی‌و سەپاندنی ئیرادەی تاکە حیزب‌و تاکە کەسە بەسەر ئیرادەی تێکڕای هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستاندا. لەو روانگەیەوە جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە دەکاتەوە:

 یەک: چارەسەرکردنی دەست بەجێ‌و خێرای بێ مووچەیی، بێ کاری، کۆچی گەنجان، خراپی گوزەرانی کەسوکاری شەهیدان‌و کەم ئەندامان‌و پێشمەرگەو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، مامۆستایانی هەرێم. ئەویش لە رێگای خستنە رووی سەرجەم داهاتەکانی هەرێم، بە تایبەت داهاتی نەوت. کە لەلایەن پارتیەوە، بە تەواوەتی قۆرغ کراوە.                                                                                         دوو: بزوتنەوەی گۆڕان هەردەم پشتگیری تەواوی خۆی بۆ سەرجەم داخوازییەکانی هاونیشتمانیان دەردەبڕێت و لەو روانگەیەوە خۆپیشاندان و نارەزایەتی ئاشتیانە بە مافێکی بناغەیی خەڵکی کوردستان دەزانێت و، لە هەمان کاتدا دژ بە هەموو کارێکی توندوتیژی‌و هێرش کردنە سەر هاوڵاتیان‌و تەقە کردنە لە خۆپیشاندان. جڤاتی نیشتمانی ناڕەزایەتی‌ خۆی بۆ هێرش کردنە سەرو سووتاندنی بارەگا حیزب‌و حکومییەکان دەدەبڕێ، هەروەها هاوخەمی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ شەهید و قوربانیانی روداوەکانی ئەم دواییە دوپات دەکاتەوەو داوا دەکات یاسا لە یەکلاکردنەوەی ئەو پرسەدا دەست بەجێ رۆڵی خۆی بگێرێ.                                                سێ: لە (19ی ئابی 2015)ەوە سەرۆکی هەرێم شەرعیەتی یاسایی لە دەست داوەو قەیرانی سیستمی سیاسی‌و کێشەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، قەیران‌ و کێشەیەکی یاسایی و سیاسی گەورەیە، لە نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان (بزوتنەوەی گۆڕان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان) لەلایەک و، پارتی دیموکراتی کوردستان کە بە تەنها لە لایەکی ترە، دەبێت بە رێکاری یاسایی و لە چواچێوەی پەڕلەمانی کوردستان‌دا باوەڕ بە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بهێنێ.                        
بزوتنەوەی گۆڕان هەموو جۆرە خۆ سەپاندن‌ و پاوانخوازییەک بە سەر ئیرادەی خەڵکدا رەت دەکاتەوە، ئەوەش بەرپرسیارێتی هەر چوار لایەنە سەرەکییەکەو هێزە کوردستانیەکان، دامەزراوە میدیاییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی شارستانی هەرێمی کوردستانە، کە پارێزگاری لە یاساو پرۆسەی سیاسی بکەن لە هەرێم‌دا.                 لەو سۆنگەیەوە بزوتنەوەی گۆڕان جارێکی تر جەخت لەسەر پابەند بوونی بە پڕۆژە هاوبەشەکانی ئەو چوار لایەنە پەیوەست بە چاکسازی لە سیستمی سیاسی‌، یاسایی، دارایی و ئابووری، کارگێڕی. لەسەروی هەمویانەوە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، گۆڕان داوا دەکات کۆتایی بهێنرێ بە قۆرغ کردنی بڕیاری سیاسی‌و ئابووری‌و ئەمنی‌و دیپلۆماسی، کە لە لایەن پارتیەوە قۆرغ کراوە، جەخت دەکاتەوە لەسەر هاوبەشی بڕیاری سیاسی‌و یەکڕیزی هەرێمی کوردستان.
چوار: جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان سەرنجی رای گشتی کوردستان بۆ ئەو حەقیقەتە رادەکێشێت، کە کودەتا سەربازییەکەی پارتی  کاردانەوەیەکی سیاسی و میدیای‌و نێودەوڵەتی گەورەی بە دوای خۆیدا هێناو کاریگەری سلبی و نەرێنی زۆری هەبوو لەسەر وێنەو پێگەی هەرێمی کوردستان، لەو روەشەوە بزوتنەوەی گۆڕان جەخت دەکاتەوە، کە دەبێ بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەروی بەرژوەندی تاکە کەسی و حیزبی‌یەوە.                                       
 پێنج: جڤاتی نیشتمانی هەموو هانگاو و کارنامەی بزوتنەوەکە لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسی‌و ئابورییەکانی هەرێم بە دروست دەزانێ‌و بەرز دەیاننرخێنێ، کە هەوڵی داوە لە رێگەی دام و دەزگا شەرعیەکانەوە کێشەکان چارەسەر ببن.                                                                         لە کۆتایدا جڤاتی نیشتمانی بڕوای تەواوی بەوە هەیە، کە نەخشەی سیاسی ئێستای هەرێمی کوردستان بەرەنجامی هەڵبژاردن و ئیرادەی خەڵکی کوردستانەو، دەبێ رێزی لێ بگیرێ و بەردەوام بێت. وە بۆ هیچ کەس و لایەنێک نیە تا هەڵبژاردنی داهاتوو کودەتای بە سەردا بکات، چونکە ئەوە پێشێلکاری مافی دەنگدان و ئیرادەی ئازادی خەڵکی هەرێمی کوردستانە.                                                                         جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان 16ی 10ی 2015   



PM:03:31:16/10/2015